ژووری بازرگانیی هەولێر: کۆگاکان پڕن و هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی خۆراک نییە

لە ژێر ڕۆشنایی گرژییەکانی ناوچەکەدا، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و رایگەیاند، دۆخی بازاڕ جێگیرە و یەدەگی خۆراک لە کۆگاکاندا بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەستە، هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات دوور بکەونەوە لە شڵەژان و کڕینی زیاد لە پێویست.

شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی رای گشتیی کردووە، وردەکاریی دۆخی بازاڕ و خۆراکی خستە روو.

بە پێی راگەیەندراوەکە، دوای چاودێریکردنی وردی بازاڕ و پەیوەندیکردن بە کۆمپانیا گەورەکانی هاوردەکردنەوە، دەرکەوتووە کە بڕێکی زۆر و پێویست لە کاڵا و خۆراکی بنەڕەتی لە کۆگاکاندا هەیە و هیچ مەترسییەک بۆ کەمبوونەوەیان لە ئارادا نییە.

ژووری بازرگانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات وەک رۆژانی ئاسایی مامەڵە بکەن و تووشی دڵەڕاوکێ نەبن، چونکە زنجیرەی دابینکردن و گواستنەوەی خۆراک بەبێ پچڕان بەردەوامە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکە، ژووری بازرگانیی هەولێر ڕووی دەمی کردووەتە بازرگانان و داوای لێ کردوون کە هەستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و ئەخلاقییان هەبێت.جەختیش کراوەتەوە کە بازاڕی هەولێر بە دەستپاکی ناسراوە، بۆیە پێویستە دوور بکەونەوە لە قۆرخکاری و گرانکردنی نرخ، بە پێچەوانەوە چاودێرییەکان توند دەبن و پارێزگاری لە هاوسەنگیی بازاڕ دەکرێت.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای هەڵدانی ژمارەیەک مووشەک بەرەو ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.