حكومه‌ت په‌ره‌ی زیاتر به كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌دات
ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ی به‌نداوه‌كان كاری له‌پێشینه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه
K24- هه‌ولێر:
وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021، پلانی بۆ ژمارەیەك پرۆژەی گرنگ ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی لەماوه‌ی ئه‌مساڵ جێبەجێیان بكات، پلانی ھەرە لە پێشینەی ئه‌و وه‌زاره‌ته تەواوكردنی كاری درووستكردنی ئەو بەنداوانەیه، كە ماوه‌ی چەند ساڵێكە كاریان تێدا دەكرێت و تەواو نەكراون.
حوسێن حەمە كەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو له‌وباره‌یه‌وه گوتی: لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌و وه‌زاره‌ته پێكهێنراوه، بۆ ئه‌وه‌ی پلانێكی تۆكمه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دابڕێژن و پلانه‌كه‌شیان پێشكه‌ش كردووه و ئێستا چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه دابین بكات.
ئاشكراشیكرد، یه‌كێك له‌و پڕۆژه گرنگانه ته‌واوكردنی ئه‌و به‌نداوانه‌یه، كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه كاركردن تێیاندا به‌رده‌وامه، كه ژماره‌یان 19 به‌نداوه.
جگە لەوە پلانی چەندین پڕۆژەی دیكەش ئامادە كراوە، لە سێكتەرەكانی سەرچاوەكانی ئاو و ئاودێریكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و زیادكردنی رێژه‌ی بەرھەمه كشتوكاڵییه‌كان، ھەروەھا سێكتەرەكانی سامانی ئاژەڵ و باخداری و ڤیتێرنەری. گوڵستان باقی، ئه‌ندامی لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریش ده‌ڵێت، لیژنه‌كه‌یان پێشنیازیان بۆ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، تا لەڕێی وەبەرھێنانەوە به‌ره‌وپێشچوون له كه‌رتی كشتوكاڵدا بكرێت.
دۆخی ئابووری كۆسپی سەرەكیی بەردەم وەزارەتەكانه بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگووزارییەكان، كە بەھۆی ھاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نەوت و بڕینی شایسته داراییه‌كانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن حكومه‌تی عێراقەوە درووست بووە. بەڵام كابینەی نۆیەم سەرەڕای ئەم دۆخەش ھێشتا لە جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگووزارییەكان بەردەوامە.
H.B