بەشداری نەکردنی ئێران لە مۆندیال زیانی دارایی زۆری دەبێت
هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، هەڕەشەی پاشەکشە کردن لە مۆندیالی 2026 دەکات و رێکخەرانی پاڵەوانێتیەکەش، هۆشداری لە زیانی دارایی گەورە دەدەن.
رۆژنامەی تایمزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئێران هۆشداری داوە، ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان نەوەستێت، ئەو کاتە بەشداری مۆندیالی داهاتوو ناکەن و پاشەکشە دەکەن.
هەڵبژاردەی ئێران لە کۆمەڵەی حەوتەمی مۆندیالی 2026 کە بڕیارە لە هەرسێ وڵاتی ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بکرێت، رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی میسڕ و بەلجیکا و نیوزلەندا دەبێتەوە، بڕیاریشە هەڵبژاردەکانی ئەو کۆمەڵەیە لە کۆمەڵگەی وەرزشی کینۆ نیشتەجێ بن.
سارا هۆرفاز بەرێوەبەری کۆمەڵگەی وەرزشی کینۆ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران گووتی '' لە ئەگەری بەشداری نەکردنی ئێران لە مۆندیالی 2026 زیانی دارایی زۆر بەو کۆمەڵگەیە دەکەوێت، چونکە خەرجیەکی زۆریان بۆ ئەو هەڵبژاردەیە کردووە ''.
هەڵبژاردەی ئێران دوو یاری یەکەمی لە شاری لۆس ئانجلێس دەبێت و یاری سێیەمیشیان لە شاری سیاتێل. کۆمەڵگەی وەرزشی کینۆ رووبەرەکەی پێکدێت لە 300 هێکتار زەوی کە 22 یاریگای وەرزشی لەخۆ دەگرێت.