بۆ یەکەمجار لە کۆشکی سپی پێشوازی لە لیۆنێل مێسی کرا

لیۆنێل مێسی و دۆنالد ترەمپ
لیۆنێل مێسی و دۆنالد ترەمپ

دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، پێشوازی لە شاندی یانەی ئینتەر مەیامی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی وڵاتەکەی کرد. بۆ یەکەمجاریش لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئەمریکا پێشوازی لێکرا.

شەوی پێنج شەممە رێکەوتی 5ـی ئاداری 2026، دۆنالد ترمپ سەرۆکی ئەمریکا بەبۆنەی بەدەستهێنانی ناسناوی وەرزی رابردووی خولی ئەمریکا، پێشوازی لە لیۆنێل مێسی و هاوڕێکانی لەو یانەیە کرد. ئەم پێشوازیەی کۆشکی سپی لە مێسی و هاوڕێکانی لە ریزەکانی یانەی ئینتەر مەیامی لە کاتێکدایە، پێشتر لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا لە هەمان شوێن پێشوازی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ و یانەی نەسڕی سعوودی کرد.

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا، پێشتر لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بە مەبەستی وەرگرتنی مێدالیای ئازادی سەرۆکایەتی بانگهێشتی کۆشکی سپی کرابوو، بەڵام مێسی ئەو بانگهێشتنامەی رەتکردەوە و سەردانی کۆشکی سەرۆکایەتی ئەمریکای نەکرد.