تەنها لە یەک ئەگەر مۆندیالی 2026 دوادەخرێت

مۆندیال 2026
مۆندیال 2026

نزیکەی سێ مانگ ماوە بۆ دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 وبەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، دەنگۆیەک هەیە پاڵەوانێتیەکە بۆ ماوەیەکی دیکە دوابخرێت، بەڵام رێکخەرێکی مۆندیال هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.

سیمۆن چادویک بەڕێوەبەری پێشووی توێژینەوە لە لیژنەی ئامادەکاری مۆندیالی 2022، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەری givemesport بەریتانی، لەبارەی دەنگۆکانی دواخستنی وادەی مۆندیالی 2026 دەڵێت '' لەم کاتەدا کە نزیکەی تەنها سێ مانگ ماوە بۆ دەستپێکردنی گەورەترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی جیهان، زۆر ئەستەمە وادەکەی دوابخرێت و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە جامی جیهانی لە وادەی دیاریکراوی خۆی بەڕێوەدەچێت ''.

ئەو بەرێوەبەرەی پێشووی مۆندیالی 2022ـی قەتەر گووتیشی '' تەنها یەک ئەگەر هەیە بۆ دواخستنی وادەی مۆندیال کە بڕیارە رۆژی 11ـی مانگی حوزەیرانی داهاتوو لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بکرێت، ئەویش هێرش کردنە سەر وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوورە لەلایەن ئێرانەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر پروشکەکانی ئەم جەنگەی ئێستا نەگاتە ئەو شوێنانە، ئەوا بە دڵنیاییەوە مۆندیالی 2026 لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت ''.