بنکەیەکی سەربازی قەتەر لە بەحرەین کرایە ئامانج

حکوومەتی قەتەر رایگەیاند، ئەندامانی هێزە دەریاییەکانیان لەناو ئەو باڵەخانانەدا بوون کە لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین لەلایەن ئێرانەوە کرانە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانیاندا تۆمار نەکراوە.

ئەمڕۆ هەینی، 6ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، ئەو باڵەخانانەی بەر هێرشەکان کەوتوون، شوێنی مانەوەی هێزە دەریاییەکانی قەتەر بوون کە لە چوارچێوەی "ناوەندی ئۆپەراسیۆنە دەریاییە یەکگرتووەکانی ئەنجوومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو" لەوێ جێگیر کراون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "سەرجەم سەربازانی قەتەر سەلامەتن و باڵیۆزخانەی قەتەر لە بەحرەین بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری پێویستی گرتووەتە بەر بۆ دڵنیا بوون لە سەلامەتییان."

ئەمە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران هۆتێلێک و دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوونیان لە مەنامەی پەیتەختی بەحرەین پێکاوە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و زیانی ماددی گەورە. هەروەها دوێنێ پێنجشەممە بەهۆی هێرشێکی مووشەکیی ئێرانەوە، ئاگر لە پاڵاوگەی سەرەکیی نەوتی بەحرەین کەوتەوە.

هەر لە دەستپێکی هێرشەکان لە شەممەی رابردووەوە وەک وەڵامێک بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران دەستی بە بۆردومانکردنی ناوچەکە کردووە، تاوەکو ئێستا لانی کەم 13 کەس لە وڵاتانی کەنداو کوژراون کە حەوت کەسیان مەدەنیین. هاوکات واشنتن کوژرانی شەش سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا پشتڕاستکردووەتەوە کە 4یان لە وڵاتی کوەیت بوون.