سیناتۆرێکی ئەمریکی: ترەمپ ئەمریکای لە جەنگێکدا تێوەگلاندووە نازانێت چۆن لێی دەربچێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

سیناتۆرێکی سەربەخۆی ئەمریکی رایگەیاند، ترەمپ ئەمریکای راکێشایە ناو جەنگەوە و ئێستا نازانێت چۆن لێی بێتە دەرەوە.

بێرنی ساندەرز، سیناتۆری سەربەخۆی ویلایەتی ڤێرمۆنت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" راشیگەیاندووە، بەهۆی ئاژاوەکانی بنیامین ناتانیاهۆوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەرۆکی ئەمریکا چووەتە ناو شەڕەوە، بەڵام ئێستا ترەمپ نازانێت چۆن لە جەنگەکە بێتە دەرەوە.

ساندەرز ئەوەشی خستە روو، دەرئانجامەکانی جەنگ تاوەکوو ئێستا بەم شێوەیەن، 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون، 1,200 ئێرانی گیانیان لەدەست داوە لەگەڵ ئاوارەبوونی 3,200,000 ئێرانی دیکە، لە لوبنانیش دۆخەکە خراپە و 773 کەس کوژراون.

ئەو سیناتۆرە ئاماژەی بەوەش دا، تێچووی جەنگ لەسەر ئەمریکا تاوەکوو ئێستا نزیکەی 17 ملیار دۆلارە و ترەمپ نازانێت چۆن لەو شەڕە بێتە دەرەوە.

بێرنی ساندەرز، سیناتۆری سەربەخۆ لە کۆنگرێسی ئەمریکا، یەکێکە لە دیارترین رەخنەگرانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی پشتیوانییە سەربازییەکانی واشنتن بۆ بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. لە ماوەی رابردوودا ساندەرز چەندین جار هۆشداریی داوە لەوەی ناتانیاهۆ هەوڵ دەدات ئەمریکا پەلکێشی جەنگێکی ناوچەیی بکات لەگەڵ ئێران و گرووپە چەکدارەکانی دیکەدا.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی 2025، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی گرژییەکانەوە. ترەمپ پێشتر بەڵێنی کۆتاییهێنان بە جەنگەکانی دابوو، بەڵام ئێستا رووبەڕووی شەڕێکی فرەبەرە بووەتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

ساندەرز و بەشێک لە یاسادانەرانی دیکەی واشنتن پێیان وایە تێچووی ئەم ململانێیانە بارگرانییەکی گەورەی دارایی و گیانی لەسەر ئەمریکا دروست کردووە و تا دێت زیانەکان زیاتر دەبن، بەبێ ئەوەی ئاسۆیەک بۆ چارەسەر ئارادا بێت.