وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ بەغدا: هەناردەی نەوت بەهۆی هێرشی میلیشیاکانەوە وەستاوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە و دەڵێت: هۆکاری راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هێرشی ئەو میلیشیایانە دەگەڕێتەوە کە لە لایەن بەغداوە مووچە و چەکیان پێ دەدرێت.

یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا بۆ رای گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەڵامی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دایەوە.

لە خاڵی یەکەمی ەاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ئەوەی لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵدا خراوەتە روو، سەرجەم رەهەندەکانی کێشەکەی تێدا باس نەکراوە و بابەتەکەیان شێواندووە، هەروەها هەوڵێکی روونە بۆ تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستان لە پێناو چەواشەکردنی رای گشتی."

سەبارەت بە گەمارۆکانی سەر هەرێم، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "حکوومەتی ئێستای عێراق لە مانگی کانوونی دووەمەوە گەمارۆیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی 'ئاسیکۆدا' خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیەوە رێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانانی کوردستان بەردەست بێت. لەو کاتەوە جموجۆڵی بازرگانی وەستاوە و بەغداش ئامادە نییە کاتی پێویست بۆ هەرێم تەرخان بکات بۆ جێگیرکردنی سیستەمەکە، سەرەڕای ئەوەی هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەوە ئێمە ئەو داوایەمان کردووە."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا باس لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان کراوە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێم و روون کراوەتەوە: "میلیشیا و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان سەرجەم کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت، گاز و وزەی هەرێمیان کردووەتە ئامانج. لە دەرئەنجامی ئەم هێرشە تیرۆریستییانەدا، پرۆسەی بەرهەمهێنان بە تەواوی وەستاوە و هیچ بڕە بەرهەمێکی نەوتی لە کوردستان نەماوە تا هەناردەی دەرەوە بکرێت."

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رەخنەی توند لە بێهەڵوێستیی حکەومەتی فیدراڵی دەگرێت و دەڵێت: "بەغدا ئامادە نییە رووبەڕووی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە ببێتەوە و رێگرییان لێ بکات، تا ئێستاش هیچ رێکارێکی کاریگەر بۆ وەستاندنیان نابینرێت. جێگەی سەرسوڕمانە کە بەشێکی زۆری ئەم هێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن، پڕچەک کراون و پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا مووچەی خەڵکی کوردستان هەمیشە دوا دەخرێت و بڕێک دەنێردرێت کە کەمترە لە شایستەی پێویست."

وەزارەتەکە جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێم کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و رایگەیاندووە: "هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دەربازکردنی عێراق و هەرێم لەم قەیرانە، چەندین جاریش داوامان لە بەغدا کردووە گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بۆ چارەسەری کۆی ئەم کێشانە دەست پێ بکات، بەڵام داواکارییەکانمان پشتگوێ خراون و هەوڵ دراوە ئەجێندایەکی نادەستووری و نایاسایی بەسەر هەرێمدا بسەپێندرێت. 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دووپاتی کردەوە، "کە ئامادەین هەرچی زووە تیمە پسپۆرەکان لەسەر خاڵە ناکۆکەکان دانیشتن بکەن بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی خێرا کە تەواوی عێراق لێی سوودمەند بێت و چیدیکە ستەم لە کوردستان نەکرێت."