ئەگەری دووبارەکردنەوەی 133 یاری خولی هۆڵەندی هەیە

خولی هۆڵەندا
خولی هۆڵەندا

یانەی ناک برێدا کە لە پلەی پێشکۆتایی ڕیزبەندی خولی ئێرێدیڤیزێ هۆڵەندی دێت و پێنج خاڵ لە ناوچەی مانەوە دوورە، پەنای بۆ دادگا بردووە دژ بە شکستە قورسەی 0-6 بەرامبەر یانەی گۆ ئەهێد ئیگڵز لە گەڕی 27ـی خولەکە تووشی بوو، ئەمەش بەهۆی بەشداریکردنی نایاسایی یاریزان دین جەیمس.

رۆژنامەی وەرزشی موندۆدێپۆرتیڤۆ بڵاویکردەوە، یانەکە بە بیانۆی ئەوە سکاڵای تۆمار کردووە، گوایە یاریزانە تەمەن 26 ساڵیەکە لە وڵاتی هۆڵەندا لەدایکبووە، بەڵام بەم دواییە ڕەگەزنامەی ئەندەنوسی وەرگرتووە، بەمەش ئەو یاریزانە وەکو یاریزانی پیشەگەر مامەلەی لەگەڵدا دەکرێت. 

لەلایەکی دیکەوە کەناڵی NOSـی هۆڵەندی بڵاویکردەوە کە 13 یاریزانی دیکەش هەن کە بڕیاریانداوە وەڵاتینامەی وڵاتانی وەک ئەندەنوسیا، سورینام، ترینیداد و تۆباگۆ و کیپ ڤێردی وەربگرن بکەن، بەو هۆیەشەوە مۆڵەتی کارکردنیان لە هۆڵەندا لەدەستداوە و بە یاریزانی پیشەگەر هەژمار دەکرێن.

یانەکانی وەک "نێک نیمیخن و گرۆنینگن بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر مشتومڕێک، هەریەکە لە تیارۆن چێری و ئیتیان ڤایسنیان لە لیستی یاریزانەکانیان دوورخستووەتەوە. میخێل ڤان دایک، پارێزەری فێدراسیۆنەکەش ڕوونیکردەوە کە بابەتی رەگەزنامەکان کاریگەری لەسەر 11 یاریزانی خولی نایابی هۆڵەندا لە هەشت یانەی جیاوازدا هەیە و ئەمەش وادەکات کە 133 یاری ئەم خولە دووبارە بکرێنەوە. لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەری تۆپی پێ لە فێدراسیۆنی هۆڵەندا (KNVB) ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە "دەبێتە پاشاگەردانییەک".

یانەکانی وەک ئەیاکس، فینۆرد و تێڵستار و چەند یانەیەکی تر، چوونەتە پاڵ یانەی "برێدا" و ئەوانیش ڕێکاری یاسایییان گرتووەتە بەر. ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بڕیارێکی دادگای "ئۆترێخت" لەسەر کەیسەکەی نێوان یانەی برێدا و فێدراسیۆنی هۆڵەندا (KNVB)، ڕەنگە هەموو هاوکێشەکانی تۆپی پێی ئەو وڵاتە سەرەوژێر بکات. ئەگەر دادوەر لە بەرژەوەندی یانەی برێدا بڕیار بدات، فێدراسیۆنەکە ڕووبەڕووی کابوسێک دەبێتەوە لە پلاندانانی یارییەکان و ئەگەری دووبارەکردنەوەی لانی کەم 133 یاری هەیە.

ماریان ئۆڵفێرس پرۆفیسۆر لە یاسای وەرزشی، بە کەناڵی "ESPN"ی ڕاگەیاند " ئەگەر یاریزانێک دەستبەرداری ڕەگەزنامە هۆڵەندییەکەی ببێت، دەچێتە ژێر چوارچێوەی یاسایییەکی جیاوازەوە. لە ڕاستیدا ئەو کەسە دەبێتە بیانی و یاریزانی پیشەگەر ''.