ئەلمۆنیتۆر: ئێران سوود لە مووشەکە نەتەقیوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل وەردەگرێت
رۆژنامەی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە، تاران دۆخی ئاگربەست دەقۆزێتەوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو توانایە سەربازییانەی لە پێکدادانەکانی ئەم دواییەدا زیانیان پێگەیشتووە، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای رۆژئاوایی و پەرەپێدانی پیشەسازییە ناوخۆییەکانی.
بەپێی راپۆرتەکەی رۆژنامەکە کە ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئایاری 2026، بڵاوکراوەتەوە، سەرکردایەتی ئێران وەک دەرفەتێکی تەکنیکی دەڕوانێتە ئاگربەست، تاران کار لەسەر کۆکردنەوەی ئەو تەقەمەنی و مووشەکە ئەمریکی و ئیسرائیلییانە دەکات کە لە کاتی هێرشەکاندا نەتەقیونەتەوە، وەک دەستکەوتێکی ستراتیژی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە تەکنەلۆژییەکانی لە رێگەی "ئەندازیاری پێچەوانەوە".
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە، سوپای پاسدارانی ئێران سەرکەوتنی خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی چەند مووشەکێکی قورسی ئەمریکی لە پارێزگای هورموزگان راگەیاندووە و گواستوونیەتەوە بۆ سەنتەرە توێژینەوەکان، ئێران هەوڵ دەدات مەیدانەکانی جەنگی پێشوو بگۆڕێت بۆ جۆرە تاقیگەیەک بۆ پەرەپێدانی سیستەمە بەرگرییەکانی و کۆپیکردنی تەکنەلۆژیای رۆژئاوایی، بەتایبەت کە سزاکانی سەر ئەو وڵاتە پاڵنەر بوون بۆ پشتەستبەستن بە داهێنانی ناوخۆیی.
ئەلمۆنیتۆر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران مێژوویەکی لەم بوارەدا هەیە، وەک چۆن لە ساڵی 2011 سوودی لە پاشماوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی ئەمریکی (RQ-170) وەرگرت، کە وەرچەرخانێکی گەورەی لە بەرنامە سەربازی و ئاسمانییەکانیدا دروست کرد، ئێستاش تاران دەیەوێت ئەو شارەزاییە تەکنیکییانە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وەک چین و رووسیا ئاڵوگۆڕ بکات بۆ بەهێزکردنی پێگەی جیۆپۆلیتیکی خۆی.
لە لایەکی ترەوە، راپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران سەرقاڵی گواستنەوە و رێکخستنەوەی جبەخانە مووشەکییەکانیەتی لەناو کۆگا ژێرزەمینییەکاندا، تاران پێی وایە پێکدادانەکانی ئەم دواییە خاڵە لاوازەکانی سیستەمە پێشکەوتووەکانی رۆژئاوای دەرخستووە و ئێستا خەریکی داڕشتنەوەی پلانی نوێی جەنگە.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، ئاگربەستی ئێستا بە واتای هێوربوونەوەی دۆخەکە نایەت، بەڵکو ماوەیەکە بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی توانای سەربازیی و چاککردنەوەی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و مەشقپێکردنی هێزەکان لەسەر بنەمای ئەو وانانەی لە رووبەڕووبوونەوەکانی دواییدا فێری بوون، تاوەکو بۆ هەر پەرەسەندنێکی ئەگەری ئامادە بن.