میسر پشتیوانیی بێ مەرجی خۆی بۆ قەتەر ڕاگەیاند
وەزیری دەرەوەی میسر، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ دەوحە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر جەخت لە هاوسۆزی و پشتیوانیی تەواوی قاهیرە بۆ دەوحە کرایەوە لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەی لە لایەن ئێرانەوە ئاراستەی دەکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، سەفیر تەمیم خەلاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر ڕایگەیاند، بەدر عەبدولعاتی لە دیدارەکەدا لەگەڵ محەممەد بن عەبدوڵرەحمان وەزیری دەرەوەی قەتەر، هاوسۆزیی بێ مەرجی میسری بۆ دەوڵەتی قەتەر دەربڕیوە لە بەرانبەر هەڕەشە و دەستدرێژییە ناڕەواکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر ئاماژەی بەوە داوە، میسر بە توندی هەر هەوڵێک بۆ بە ئامانجگرتنی قەتەر و تێکدانی سەقامگیرییەکەی سەرکۆنە دەکات و هەموو جۆرە پێشێلکارییەک کە ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، رەتدەکاتەوە.
هەروەها هۆشداریی دا لە بەردەوامیی ئەم گرژییانە کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی و دامەزراوە هەستیارەکان دروست دەکات. داواشی کرد هەوڵە دیپلۆماسییەکان یەکبخرێن بۆ راگرتنی ئەم کردەوانە و پێشنیازی کرد "هێزێکی عەرەبیی هاوبەش" وەک چەتری پاراستنی وڵاتانی عەرەبی پێکبهێنرێت.