پەیامنێری کوردستان24: نزیکەی 12 هێرش کراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا

لە پاش زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بە ئامانجگرتنی ماڵێک لە ناوچەی جادرییە کە بووە هۆی کوژرانی چەند سەرکردەیەکی باڵای حەشدی شەعبی، دۆخی ئەمنیی شاری بەغدا بە تەواوی تێکچووە و زۆربەی رێگا سەرەکییەکانی پایتەخت داخران.

سێشەممە 17ـی ئاداری 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، لە کاتی رووماڵکردنی رووداوەکاندا، نزیکەی 10 بۆ 12 هێرشی مووشەکی و درۆنی کراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز، کە ئەمەش شڵەژانێکی زۆری لە ناوچەکەدا دروست کردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانەدا، ماڵێک لە ناوچەی جادرییە بە چوار مووشەک کرایە ئامانج و بە تەواوی سووتا؛ بەپێی زانیارییەکان شەش کەس لە ناو ماڵەکەدا بوون و دەگوترێت دووانیان سەرکردەی باڵای گرووپە چەکدارەکان و حەشدی شەعبین، بەڵام تا ئێستا ناوەکانیان بە فەرمی رانەگەیەندراوە.

بەهۆی خراپیی بارودۆخەکەوە، هێزە ئەمنییەکان بە چڕی بڵاوەیان پێکراوە و زۆربەی شەقام و کۆڵانەکانی ناوچەی جادرییە، پردی طابقین، پردی معلق و شەقامی ئەبو نوئاس بە تەواوی داخراون.

لە لایەکی دیکەوە، داوا لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کراوە کە بنکە و بارەگاکانیان لە ناو پایتەخت چۆڵ بکەن و شوێنی نیشتەجێبوونیان بگۆڕن، چونکە مەترسیی بەردەوامیی هێرشەکان لەسەر ژیانیان هەیە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا رووبەڕووی هێرشێکی نوێی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناو کۆمەڵگەی باڵیۆزخانەکەدا، دووکەڵێکی رەش بە ئاسمانەوە بینراوە، هاوکات سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی چالاک بوون بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە.

بەپێی گوتەی سەرچاوە ئەمنییەکان، هێرشەکە لە رێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چوار مووشەکەوە ئەنجامدراوە، کە لانی کەم یەکێک لە درۆنەکان لە ناو حەوشەی باڵیۆزخانەکەدا کەوتووەتە خوارەوە.