ئێران رێگری لە کەشتییەکی زەبەلاحی نەوتهەڵگر کرد

کەشتییەکی زەبەلاح لە گەرووی هورمز (ئەرشیف)
کەشتییەکی زەبەلاح لە گەرووی هورمز (ئەرشیف)

سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز رێگریی لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری زەبەلاح بە ئاڵای باربادۆسەوە کردووە، کە توانای هەڵگرتنی 160 هەزار تۆن نەوتی هەبووە.

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزە دەریاییەکانیان توانیویانە لە گەرووی هورمز رێگری لە نەوتهەڵگرێکی زەبەلاح بە ئاڵای "باربادۆس"ەوە بکەن لە کاتی هەوڵدانیدا بۆ بەزاندنی سنوورە ئاوییەکانی ئێران. 

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرەتا کەشتییەکە بە "سەرکێشی و بێباکی" ویستوویەتی لە گەرووی هورمز تێپەڕێت، بەڵام دوای ئاگادارکردنەوە و رووبەڕووبوونەوەی یەکەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران، دەستبەجێ ئاراستەکەی گۆڕیوە و لە ناوچەکە دوورکەوتووەتەوە.

سوپای پاسداران ئەم کارە وەک نیشانەی "باڵادەستیی مەیدانی"ی خۆی لە گەرووی هورمز ناو دەبات و دەڵێت، تاران رێسا نێودەوڵەتییەکان لەم گەرووەدا دیاری دەکات، ئەمەش پەیامێکی روونە بۆ هەموو هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان بۆ ئەوەی بزانن سەردەمی "تاقیکردنەوەی ئیرادەی ئێران" کۆتایی هاتووە و هەر هەوڵێک بۆ تێپەڕین لە هێڵە سوورەکان، وەڵامی توندی دەبێت.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە مانگی ئاداری ساڵی 2026 گەرووی هورمز بووەتە چەقی ململانێ دەریاییەکان، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران هەڵمەتەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم رێڕەوە ستراتیژییە چڕتر کردووەتەوە. رێگریکردن لەم نەوتهەڵگرە هاوکاتە لەگەڵ زنجیرەیەک هێرشی هەماهەنگیکراوی مووشەکی و درۆنیی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سعوودییە، ئوردن، قەتەر، ئیمارات، کوەیت و بەحرەین. 

لەم بارەیەوە محەممەد ئەکبەرکادە، بەرپرسی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، رایگەیاند، هێزەکانیان کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزیان کردووە، هەروەها رێگرییان لە چەندین نەوتهەڵگر کردووە بێ مۆڵەت تێپەڕن.

 ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستەقینەی 4" بۆ سەلماندنی باڵادەستیی سەربازیی تاران لە ناوچەکە و رێگریکردن لە هەر جووڵەیەکی بێ مۆڵەت لە ئاوەکانی کەنداو.