پێنتاگۆن: هەفتەی داهاتوو سێ کەشتیی جەنگی و 2200 سەرباز دەگەنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا دەڵێت: بڕیارە هەفتەی داهاتوو سێ کەشتیی جەنگی و دوو هەزار سەرباز بگەنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، بەرپرسێکی وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، بە ماڵپەڕی "پۆلەتیکۆ"ـی راگەیاند: سێ کەشتیی هێزی دەریایی ئەمریکا کە 2200 سەربازیان هەڵگرتووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەنە ناوچەکە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، کە واشنتن بە وردی تاوتوێی رەوانەکردنی هێزی زەمینی و دەریایی زیاتر دەکات بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو ئاڵۆزییە سەربازییانەی ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.