ترەمپ: جەنگی ئێران بەم زووانە کۆتایی دێت

ئیسرائیل 130 ئامانجی دیکەی لە نێوخۆی ئێران پێکایەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکیئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی، 20ـی ئاداری 2026، رایگەیاند؛ جەنگ لەگەڵ ئێران "بەم زووانە کۆتایی دێت".

لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ "سانای تاکایتچی" سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە نووسینگەی بێزوویی (Oval Office)، ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند؛ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە. ترەمپ گوتی: "لەبارەی ئەگەری لێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی ئێران قسەمان کرد؛ من پێم وت ئەو کارە نەکات، ئەویش نایکات." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی زیاتری بازاڕی وزەی جیهانی.

لە بەرەی مەیدانیشەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ هێزە ئاسمانییەکانیان لە ماوەی 24ـی کاتژمێری رابردوودا، هێرشی چڕیان کردووەتە سەر زیاتر لە 130 بنکە و ژێرخانی سەربازیی ئێران لە ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە. سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکییان تێکشکاندنی سیستەمی موشەکی بالیستی و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانە.

ئەم جەنگە کە پێ دەنێتە سێیەم هەفتەی خۆیەوە لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێکردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئاڕاستەیەکی مەترسیداری وەرگرت کاتێک هێرشەکان لە بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانەوە فراوانتر بوون بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە، بەتایبەت کێڵگەی پارسی باشوور و دامەزراوەکانی ئوسولوییە.

لە بەرامبەردا، تاران بە ئامانجگرتنی دامەزراوەیەکی حیاتی لە وڵاتانی کەنداو، لەوانە "رائس لەفان" لە قەتەر، وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. ئەم پەرەسەندنانە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی مەترسییەکی گەورە لەسەر دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و گاز لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا.