لە کوەیت بەهۆی هێرشی درۆنەوە ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوت کەوتەوە
ئەمڕۆ هەینی 20ـی ئاداری 2026، دامەزراوەی نەوتی کوەیت رایگەیاند؛ پاڵاوگەی "مینا ئەحمەدی" سەر بە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی کوێت، رووبەڕووی چەند هێرشێکی دوژمنکارانە بووەتەوە کە لە رێگەی درۆن ئەنجام دراون.
دامەزراوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکان بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە چەند یەکەیەکی ناو پاڵاوگەکەدا.
لای خۆشیانەوە، ئاژانسی هەواڵی کوەیت (کۆنا) بڵاویکردەوە، بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان هیچ زیانێکی گیانی لە ئەنجامی ئەم هێرشانە نەکەوتووەتەوە. هێزەکانی بەرگریی شارستانی و تیمەکانی فریاگوزاری دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
وەک رێکارێکی خۆپارێزی، دامەزراوەی نەوتی کوەیت بڕیاری دا چەند یەکەیەکی پاڵاوگەکە دابخات و تەواوی ڕێوشوێنە پێویستەکانی بۆ پاراستنی سەلامەتی کارمەندان و دامەزراوەکە گرتووەتە بەر.