ئەمریکا هێرشە سەربازییەکانی لە گەرووی هورمز چڕتر دەکاتەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە فەرمی زیادکردنی هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوچەی گەرووی هورمز راگەیاند، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و پاراستنی رێڕەوەکانی وزە لە ناوچەکەدا.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکادا هاتووە، سوپای وڵاتەکەی فڕۆکەی هێرشبەری جۆری (A-10) ناسراو بە "وۆرتھۆگ - خنزیری کێوی" و کۆپتەری هێرشبەری جۆری "ئەپاچی AH-64"ی لە ناوچەکە بڵاوەپێکردووە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بۆ یەکەمجار بۆمبی تێکشکێنەری بنکە کۆنکرێتییەکان (Bunker Busters) کە کێشەکەی دەگاتە 5 هەزار پاوەند، لە دژی ئامانجەکان بەکارهێنراوە.

دان کین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پێنتاگۆن رایگەیاند: "هێزەکانمان بەردەوامن لە راوەدوونان و تێکشکاندنی ئەو دامەزراوە سەربازییە ئێرانییانەی کە گەشتە دەریاییەکان دەخەنە مەترسییەوە." کین ئاشکرای کرد، تا ئێستا زیاتر لە 120 پارچەی دەریایی و 44 کەشتی مینڕێژکەری ئێرانی کراونەتە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا تەنیا لە سنوورە دەریاییەکان نەمناوەتەوە، بەڵکو قوڵایی ئاسمانی ئێرانیشی گرتووەتەوە. فڕۆکە جەنگییەکان بنکەکانی کۆگاکردنی چەک لە ژێر زەوی لە ناوخۆی ئێران و ئامێرەکانی هێرشی درۆنییان تێکشکاندووە.

هاوکات لە عێراقیش، کۆپتەرەکانی ئەپاچی هێرشیان کردووەتە سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیکن لە ئێران و تۆمەتبارن بە هەڵدانی درۆن بۆ ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە کاریگەرییەکی راستەوخۆیان لەسەر بازاڕی وزە هەبووە. بەهۆی پەککەوتنی گەشتە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 119 دۆلاری تێپەڕاند.

سەرۆکی ئەرکانی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەم ئۆپەراسیۆنانە لاوازکردنی تواناکانی ئێرانە لە بەکارهێنانی هێز لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، کە ئەمەش یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کارگێڕی دۆناڵد ترەمپ.

سەبارەت بە ئەگەری ناردنی هێزی زەمینی، کۆشکی سپی رایگەیاند؛ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام بژاردەی ناردنی هێز بۆ پاراستنی گەرووی هورمز لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

لای خۆشییەوە سەرۆک ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا پلانی بۆ ناردنی هێزی زەمینی نییە، بەڵام هەموو بژاردەکان لەبەردەستدان. ترەمپ داواشی لە هاوپەیمانان و ئەو وڵاتانە کرد، نەوتی ئێران هاوردە دەکەن، بەشداری بکەن لە پاراستنی ئاسایشی گەرووەکەدا.