گۆتێرێز: تەنیا ئەمریکا دەتوانێ جەنگی ئێران و ئیسرائیل رابگرێت

(وێنە؛ ئەرشیف ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان)
(وێنە؛ ئەرشیف ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان)

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند؛ بەڵگەی بەهێز و هۆکاری لۆژیکی لەبەر دەستدان بۆ ئەوەی بڕوا بەوە بکرێت هەردوو لایەنی ململانێکە، ئیسرائیل و ئێران، تاوانی جەنگییان ئەنجامداوە.

گۆتێرێز روونی کردەوە، ستراتیژی ئێران لەسەر بنەمای "بەرگریی بۆ درێژترین ماوە و گەیاندنی زۆرترین زیان بە نەیارەکەی دامەزراوە." لە بەرامبەردا، ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل ئامانجی ئەوەیە بە تەواوی تواناکانی سوپای ئێران لەناو ببات و کار بۆ گۆڕینی رژێمی تاران دەکات.

ئەمینداری گشتی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانە ستراتیژییەکان لەلایەن هەردوولاوە، بەڵگەی روونن لەسەر ئەوەی ئەگەری زۆرە وەک تاوانی جەنگ هەژمار بکرێن.

سەبارەت بە چارەسەری ئەم دۆخە ئاڵۆزە، گۆتێرێز جەختی کردەوە کلیلەکە لە دەستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە. گوتیشی: "پێویستە واشنتن رابگەیەنێت؛ ئەرکەکەی کۆتایی پێهێناوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا ئەمریکا دەتوانێت ئەم جەنگە رابگرێت و سنوورێک بۆ گرژییەکان دابنێت.

ئەم لێدوانانەی گۆتێرێز لە کاتێکدایە ناوچەکە لە سایەی ئاڵوگۆڕی هێرشە سەربازییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ لە دۆخێکی زۆر هەستیاردایە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانە لەوەی ئەم پێکدادانانە پەرەبسێنن بۆ جەنگێکی هەرێمیی گشتگیر، بەتایبەت کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران گەیشتوونەتە بنبەست.

لە کۆتاییدا، نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە داوای لە هەردوولا کردەوە دان بە خۆیاندا بگرن و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن، لە کاتێکدا هەردوولا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە کردنه ئامانجی هاووڵاتیانی مەدەنی و تێکدانی ژێرخانی وڵاتەکانیان.