داواکاری گشتیی پاریس داوای سەپاندنی سزای زیندانی تاهەتایی بۆ داعشێکی فەرەنسی دەکات

داواکاری گشتیی پاریس، داوای سەپاندنی سزای زیندانی تاهەتایی بۆ فەرەنسیەکی ئەندامی رێکخراوی داعش کرد، کە ناوی "سەبری سەید"ـە و بە غیابی لەسەر دۆسیەی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان لە سووریا و عێراق دادگایی دەکرێت.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، سۆفی هاڤار، داواکاری گشتیی پاریس ئەمڕۆ هەینی 20ی ئاداری 2026، رایگەیاندووە، هەرچەندە دەنگۆی کوژرانی سەبری سەید لە سووریا هەیە، بەڵام یەكێک بووە لە کەسە سەرەکییەکانی تۆڕە تاوانکارییەکان، کە دەستی لە کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان هەبووە. 

هاڤار داوای لە دادگای تاوانەکانی پاریس کرد، سەبری سەید بە تۆمەتی بەشداری لە کۆمەڵکوژی، تاوان دژی مرۆڤایەتی و هاوکاری لەو تاوانانەی داعش لە عێراق و سووریا ئەنجامیداون، سزای زیندانی تا هەتاتی بدات. 

ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە، چاوەڕوان دەکرێت درەنگانی ئەمڕۆ هەینی دادگای پاریس بڕیاری کۆتایی بدات.

سەبری سەید لە ساڵی 1984 لە شاری تۆلۆز لە باشووری رۆژئاوای فەرەنسا لەدایکبووە، لە ریزی چەکدارانی داعش بە "ئەبو دوجانەی فەرەنسی" ناسراوە و یەکێکە لە چەکدارە فەرەنسیە دیارەکانی نێو داعش.

هەروەها تۆمەتبارە بە بەشداری پاکتاوی نەژادی دژی ئێزیدییەکان و دەستدرێژی و بازرگانیکردن بە کچان و ئافرەتانی ئێزیدی  لە ساڵانی 2014 بۆ 2016.

لە کاتی دادگاییکردنەکەدا، دوو ئافرەتی ئێزیدی کە یەکێکیان قوربانی دەستدرێژی سێکسی بووە لەلایەن سەیدەوە، شایەدیان دا ئەو کارەساتانەی بەسەریان هاتووە، گێڕایانەوە، کە لە ئابی 2014دا لە کاتی هێرش بۆ سەر چیای شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون، لە کەسوکاریان جیا کراونەتەوە و تا ئێستاش هیچ زانیارییەکیان لە بارەی کەسوکارەکانیان نییە، پاشان لەگەڵ منداڵەکانیان لە بازاڕەکاندا فرۆشراون. هەردووکیان وەک کەنیزەک مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و رۆژانە رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە.