واشنتن رێگەی دا بە فرۆشتنی 140ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتن و گواستنەوەی ئەو نەوت و بەرهەمە نەوتییانەی ئێران کە لەناو کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا لە دەریا کۆگاکراون. ئەم بڕیارە تا 19ـی نیسان بەردەوام دەبێت، وەک هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دروست بووە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا لە رێگەی پلاتفۆرمی (X) رایگەیاند: "بە خستنەبەردەستی ئەم بڕە نەوتە بۆ جیهان بە شێوەیەکی کاتی، ئەمریکا بە خێرایی نزیکەی 140 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان دابین دەکات، ئەمەش بڕی وزەی جیهانی زیاد دەکات و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو فشارە کاتییانەی لەسەر دابینکردنی سووتەمەنی دروست بوون."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن ستراتیژییەکی تایبەت پەیڕەو دەکات و گوتی: "بە کورتی، ئێمە بەرمیلە نەوتەکانی ئێران دژی تاران بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی نرخەکان بە نزمی بهێڵینەوە، لە کاتێکدا بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنی (داستانی تووڕەیی)."
ئەم بڕیارەی وەزارەتی گەنجینە دوای ئەوە دێت داخستنی گەرووی هورمز، کە سەدا20ـی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە لە ناوچەکە، بوونە هۆی بەرزبوونەوەی توندی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا.
ئەمریکا هەنگاوێکی هاوشێوەشی بەرامبەر رووسیا گرتووەتە بەر. لە 13ـی ئەم مانگەدا، وەزارەتی گەنجینە مۆڵەتێکی گشتیی دەرکرد، رێگە دەدات بە کڕینی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا تا 11ـی نیسان. بێسێنت لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو؛ ئەمە رێکارێکی کورتخایەن و سنووردارە و سوودێکی دارایی ئەوتۆ بە مۆسکۆ ناگەیەنێت، چونکە داهاتی سەرەکی رووسیا لە باجی کاتی دەرهێنانی نەوتەوەیە نەک فرۆشتنی کۆگاکراوەکان.