ناتانیاهۆ: جەنگ بۆ مانەوەی وڵاتەکەمان دەکەین
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێی وایە، کاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی دیکەش هاوشانی خۆیان و ئەمریکا بەشداریی جەنگی ئێران بکەن.
ئەمڕۆ یەکشممە، 22ـی ئاداری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە سەرکردەی وڵاتانی دیکەش بێنە ناو جەنگەکەوە و هەندێکیان دەستیان بە جووڵە کردووە بەو ئاراستەیە.
بنیامین ناتانیاهۆ لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچەکە ئاماژەی بەوە کرد، هیوادارن ئەو بارودۆخە بڕەخسێنن رێگە بە رووخانی رژێمی ئێران بدات.
روونیشی کردەوە، لە ئێستادا ئیسرائیل لە ململانێیەکی سەختدایە پەیوەندی بە مانەوەی وڵاتەکەیانەوە هەیە لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکانی سەر وڵاتەکەی، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی خستە روو، زەنگی ئاگادارکردنەوە 10 خولەک پێش کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە لە شاری عەراد لێدرا، بەڵام هەندێک لە خەڵکەکە روویان لە پەناگەکان و شوێنە ئارامەکان نەکرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی شەممە 21ی ئاداری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، دووانیان لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی هەردوو شاری عەراد و دیمۆنا کەوتنە خوارەوە.
دەزگای فریاگوزاریی ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر عەراد 84 کەس بریندار بوون و دۆخی تەندروستیی 10یان سەختە. ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی بریندارانی هێرشەکەی دیمۆناش 60 کەسی تێپەڕاندووە و برینی ژمارەیەکیان سەختە.