ئێران: لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا، گەرووی هورمز بە تەواوەتی دادەخەین

ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەکانی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای وڵاتەکەی جێبەجێ بکات، گەرووی هورمز بە تەواوەتی دادەخەن و رێگە بە هیچ هاتوچۆیەکی دەریایی نادەن تا ئەو کاتەی وێستگەکانیان سەرلەنوێ بنیات دەکەنەوە.

یەکشەممە 22ـی ئاداری 2026، سوپای ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی واشنتن کرد و رایگەیاند، لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی، ستراتیژیترین رێڕەوی ئاوی جیهان بەڕووی بازرگانیدا دادەخەن.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی خاتەم ئەلئەنبیا لە راگەیەندراوێکدا کە تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە: ئەگەر هەڕەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەبارەت بە وێستگەکانی کارەبای ئێران جێبەجێ بکرێن، گەرووی هورمز بە تەواوەتی دادەخرێت و ناکرێتەوە تا ئەو کاتەی وێستگە وێرانبوونەکانمان دووبارە بنیات دەکەنەوە.

ئەم هەڕەشە نوێیەی تاران لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای کێپلەر بۆ شیکردنەوەی داتا، هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەکەدا بەهۆی گرژییەکانەوە گەیشتووەتە نزمترین ئاست و تەنیا 5%ی ئەو قەبارەیەی تێدا ماوە کە پێش هەڵگیرسانی جەنگ هەبوو.

داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز، کە شاخوێنبەری گواستنەوەی نەوتی جیهانە، دەکرێت ببێتە هۆی قەیرانێکی وزەی جیهانی و بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخەکان، ئەمەش وەک وەڵامێکی توند بۆ هەر هێرشێکی ئەگەریی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر ناوخۆی ئێران هەژمار دەکرێت.