سوودانی: هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکان تاوانێکی ترسنۆکانەیە
سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری توند دەداتە ئەو لایەنانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی بڕیاری جەنگ دەدەن، و هێرشەکەی سەر بارەگای هەواڵگری و فڕۆکەخانەی بەغدا بە تاوانێکی ترسنۆکانە ناودەبات و بەڵێنی ڕاپێچکردنی ئەنجامدەرانی بۆ بەردەم دادگا دەدات.
یەکشەممە 22ـی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی سەردانێکیدا بۆ بارەگای سەرەکی هەواڵگری لە بەغدا کە کرابووە ئامانج، رایگەیاند: بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنیا لە دەستی وڵاتە. هۆشداریشی دا بەو لایەنانەی کە مافەیان بە خۆیان داوە لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان کار بکەن.
سوودانی هێرشەکەی سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی بە تاوانێکی ناپاکانە وەسف کرد و جەختی کردەوە کە حکوومەت دەستەوەستان نابێت و لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن تاوەکوو ناسنامەی ئەو گرووپە "ترسنۆکەکان" ئاشکرا دەکرێن . هاوکات داوای لە هێزە سیاسییەکان کرد هەڵوێستێکی روونیان هەبێت بەرانبەر بەو هێرشانەی کە زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات دەگەیەنن.
ئەم لێدوانانەی سوودانی دوای ئەوە دێت کە سەرچاوە ئەمنییەکان پشتڕاستیان کردەوە، لە شەوێکدا 8 هێرشی مووشەکی و درۆنی کراونەتە سەر کۆمەڵگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و بنکەیەکی سەربازی نزیک لە شارەکە، کە بووەتە هۆی دروستکردنی پشێوی ئەمنی لە پایتەخت.