لە کاتی مەشقێکی هاوبەشدا؛ هێلیکۆپتەرێکی سەربازی لە قەتەر تێکشکا و 7 ئەفسەر گیانیان لەدەستدا
وەزارەتی ناوخۆی قەتەر پشتڕاستیان کردەوە کە حەوت کەس، لەوانە ئەفسەرانی سوپای قەتەر و تورکیا، گیانیان لەدەستدا دوای ئەوەی هەلیکۆپتەرەکەیان لە کاتی ئەنجامدانی مەشقێکی سەربازیی هاوبەشدا لە ئاوە هەرێمییەکانی وڵاتەکە کەوتە خوارەوە.
یەکشەممە 22ی ئاداری 2026، وەزارەتی ناوخۆی قەتەر لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی داوە، تیمەکانی فریاکەوتن تەرمی هەموو ئەو حەوت کەسەیان دۆزیوەتەوە کە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەر لە کاتی ئەنجامدانی مەشقێکی سەربازیی هاوبەشدا لە ئاوە هەرێمییەکانی وڵاتەکە گیانیان لەدەستدا بوو.
وەزارەتی بەرگریی قەتەر ناوی قوربانیانی بڵاو کردەوە کە بریتین لە موبارەک سالم مەری، فەهەد هادی خەیارین، سەرکەشتیار محەممەد ماهر محەممەد و نەقیب سەعید ناسر سەمیخ. هاوکات، وەزارەتی بەرگریی تورکیاش گیانلەدەستدانی سینان تاشتەکین، ئەفسەر لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی قەتەر و تورکیا، لەگەڵ دوو تەکنیکاری کۆمپانیای "ئەسێلسان"ی تورکی بە ناوەکانی سولەیمان جەمرا قەهرەمان و ئیسماعیل ئەنەس پشتڕاستکردنەوە.
ئەم رووداوە یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدانی هێزەکانی قەتەر و تورکیایە لەوەتەی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو، کە ناوچەکەی بەرەو گرژییەکی بێوێنە برد و وڵاتانی کەنداو بوونەتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی تاران.
قەتەر و تورکیا کە خاوەنی رێککەوتننامەی بەرگریی قووڵن و فەرماندەیی سەربازیی هاوبەشیان لە دەوحە هەیە، لەم ماوەیەی دواییدا مەشق و هەماهەنگییەکانیان چڕتر کردووەتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
تێکشکانی ئەم هەلیکۆپتەرە لە کاتێکدایە کە هەموو وڵاتانی کەنداو لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی بەردەوام لە کاردان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکانی ئێران.
هەرچەندە بەرپرسانی هەردوو وڵات جەختیان کردووەتەوە کە هۆکاری کەوتنی هەلیکۆپتەرەکە کێشەی تەکنیکی بووە لە کاتی گەشتێکی ئاساییدا، بەڵام رووداوەکە لەم کاتە هەستیارەدا مەترسییەکانی سەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر کردووە.