بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەک دەیان سەربازی کۆلۆمبیا گیانیان لەدەستدا
بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازی لە کۆڵۆمبیا دەیان سەرباز گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بێسەروشوێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، هوگۆ ئەلیخاندرۆ لۆپێز بارێتۆ، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی کۆڵۆمبیا رایگەیاند، بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازی 66 کەس گیانیان لەدەستدا، ئاماژەی بەوەشکرد، "هێشتا چوار سەرباز بێسەروشوێنن".
سەرچاوەیەکی سەربازی کۆڵۆمبی رایگەیاندووە، لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە سەربازییەکە، 58 سەرباز و 6 کارمەندی هێزی ئاسمانی و 2 ئەفسەری پۆلیس گیانیان لەدەستداوە.
کارلۆس کلارۆس، بەرپرس لە حکوومەتی کۆلۆمبیا بە ئاژانسی ئاڕ سی ئێن-ی راگەیاندووە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گواستنەوەی سەربازە بریندارەکان، ئاماژەی بەوەشکردووە، "چارەسەری 81 بریندارمان کردووە."
جەنەڕاڵ کارلۆس فێرناندۆ سیلڤا، سەرۆکی هێزی ئاسمانی کۆڵۆمبیا پێشتر رایگەیاندبوو، 114 سەرباز لەناو فڕۆکەکەدا بوون، جگە لە 11 ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی.
جێگری سەرۆکی شارەوانی پۆرتۆ لێگویزامۆ لە پارێزگای پوتوامۆ، لە کۆڵۆمبیا، گوتی، رۆژی دووشەممە، فڕۆکەی هێرکۆلیس سی-130 دوای ماوەیەکی کەم لە هەڵفڕینی کەوتە خوارەوە، گوتیشی، 125 کەس لەناو فڕۆکەکەدا بوون، دوای رووداوەکەش دەسەڵاتداران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ هۆکاری رووداوەکە کردۆتەوە.