نەوت لە سەنتەری شارەکان دابەش دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، دوای تەواوبوونی دابەشکردنی نەوتی سپی لە شارۆچکەکانی دەوروبەری هەولێر، لە ئێستاوە پڕۆسەکە گەیشتووەتە ناو سەنتەری شاری هەولێر.
پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد،"بۆ هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوت بە نرخی 31 هەزار دینار دیاریکراو دابەشدەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا چەند بریکارێک لە ناو سەنتەری شار ئاگادار کراونەتەوە تاوەکو نەوتەکە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بکەن".
سەبارەت بە هۆکاری سستی پڕۆسەکە، ئەو بەرپرسەی نەوت و کانزاکان ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی عێراق وەک پێویست نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە نەکردووە، گوتیشی: "ئەو بڕە نەوتەی کە دەبوو حکوومەتی عێراق بینێرێت 45 ملیۆن لیتر بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها 9 ملیۆن لیتری ناردووە، ئەمەش وایکردووە پڕۆسەکە بە سستی بەڕێوە بچێت".
هەروەها روونیکردەوە، لە ئێستادا نەوتەکە بە تانکەر دەگات و رۆژانە بەپێی ئەو بڕەی بەردەست دەبێت، بەسەر بریکارەکاندا دابەش دەکرێت.
لە کۆتاییدا دڵنیایی دا بە هاووڵاتیان کە هەر بڕە نەوتێک بگاتە هەرێمی کوردستان، راستەوخۆ دابەشی سەر هاووڵاتیانی دەکەن.