وەزارەتی خوێندنی باڵا 20%ـی دیکە لە کرێی خوێندن دادەشکێنێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندی خوێندکاران و قوتابییان دەرکرد و رایگەیاند، رێژەی 20%ـی دیکە لە کرێی خوێندن دادەشکێندرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەو داشکاندنە 45%ـی پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو.

شەممە 28ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزارەت لە رۆژی پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026 هات کە تێیدا دۆخی دارایی هاوڵاتییان و خانەوادەی خوێندکاران و ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لەبەرچاو گیراوە.

وردەکارییەکانی بڕیارەکە:
1-  رێژەی داشکاندن:  بڕیاردرا بە داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندن، ئەمە دەخرێتە سەر داشکاندنی پێشووی وەزارەت کە رێژەکەی 45% بوو.
2-  مەرجی داشکاندن:  پێویستە خوێندکار یان قوتابی تاوەکو رێکەوتی 3ـی ئایاری 2026 تەواوی قیستەکانی خوێندنەکەی بدات بۆ ئەوەی لەم بڕیارە سوودمەند بێت.
3-  ئەو ئاستانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە:  بڕیارەکە سەرجەم ئاستەکانی خوێندنی بەرایی (بەیانیان و ئێواران) و خوێندنی باڵا (دیبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی (2025 -2026 ) لە زانکۆ حکوومییەکان دەگرێتەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی کردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و کەمکردنەوەی باری دارایی سەر شانی خێزانەکان نراوە، تاوەکو خوێندکاران بتوانن بەبێ گرفتە دارایییەکان بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدەن.