وەزیری پەروەردە: دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەستپێدەکاتەوە و ئامادەبوونی قوتابیانیش ئارەزوومەندانەیە
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، دەرگای هەموو ناوەندەکانی خوێندن (قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان) بە رووی قوتابیاندا دەکرێنەوە، بەڵام پرۆسەی ئامادەبوون لە ناو پۆلدا بە خواستی دایکان و باوکان دەبێت.
شەممە 28ـی ئاداری 2026، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی،" لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی قوتابیان، دوو بژاردە خراوەتە بەردەم بەخێوکاران بۆ شێوازی خوێندن: (ناو پۆل، ئۆنلاین). جەختیشی کردەوە، ئەو قوتابییانەی نایانەوێت لە ناو پۆل ئامادە بن، بە نەهاتوو ئەژمار ناکرێن، بەڵام پێویستە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بە شێوەی فیزیکی لە قوتابخانە ئامادە بن.
گرنگترین خاڵەکانی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە:
1- قەرەبووکردنەوەی خوێندن: بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو 10 رۆژەی بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە لەدەستچووە، ساڵنامەی خوێندن هەموار دەکرێتەوە و ماوەی خوێندن درێژ دەکرێتەوە.
2- تاقیکردنەوەکان: تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی لە 12ـی ئایارەوە بۆ 21ـی ئایار دواخراون.
3- پڕۆگرامی خوێندن: پڕۆگرامی پۆلە کۆتاکان (9 و 12) بە هیچ شێوەیەک کەم ناکرێتەوە و وەک خۆی دەمێنێتەوە.
4- خوێندنی ئۆنڵاین: وەزارەت پلاتفۆرمەکانی "ئی-وانە" بۆ هەموو قۆناغەکان و "قوتابخانەکەم" بۆ پۆلی یەکەم تا شەشەم بە چوار زمان و بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی کارا کردووە.
5- ئەو بەخێوکارانەی خوێندنی ئۆنلاین هەڵدەبژێرن، دەبێت فۆڕمی تایبەت لە قوتابخانە پڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن" ئەرکەکانیان بۆ بنێردرێت.
6- قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان: سەرپشکن لەوەی خوێندن بکەنە ئۆنلاین، بە مەرجێک تاقیکردنەوەکانیان هەر لە ناو قوتابخانە بێت.
وەزیری پەروەردە جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوانە بۆ ئەوەیە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بە سەلامەتی و بەبێ فەوتانی ساڵێکی خوێندن لە قوتابیان کۆتایی بێت.