موحسین رەزایی: وەڵامی ئێران بۆ هەر هێرشێک بە رادەیەکی بێوێنە توندتر دەبێت
راوێژکاری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزدا رایگەیاند: کە وەڵامی وڵاتەکەی بۆ هەر دەستدرێژییەک چەندین هێندە بەهێزتر دەبێت لەو زیانەی کە دوژمن دەیگەیەنێت.
یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نوێترین پەیامیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی نەیارانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "هەر بڕە زیانێک کە دوژمن بیگەیەنێت، وەڵام و تۆڵەی ئێران بە رادەیەکی زۆر توندتر دەبێت."
رەزایی ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە توانای بەرگەگرتنیان بەرزە، بەڵام ئارامگریی ئێران سنووردارە.
جەختی لەوەش کردەوە، کە هێزە چەکدارەکانی وڵات پڕ چەکن بەو توانست و ئامرازانەی کە تەنیا لە ئەگەری بەردەوامبوونی پێکدادانەکاندا پەردەیان لەسەر لادەدرێت و بەکار دەهێنرێن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەیی سەربازیی تاران بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.