باڵیۆزی رووسیا لە لەندەن: بەریتانیا دەیەوێت شەڕی ئۆکرانیا پەرە پێ بدات
ئەندرێ کیلین، باڵیۆزی رووسیا لە لەندەن، رایگەیاند، بەریتانیا بەرژەوەندی لە پەرەپێدانی پێکدادانە سەربازییەکانی ئۆکرانیادایە و بە هیچ شێوەیەک گرنگی بە ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤەکان نادات کە بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە دۆنباس دەکرێت بپارێزرێن.
دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، ئەندرێ کیلین، باڵیۆزی رووسیا لە لەندەن، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "ئیزڤێستیا" ئاماژەی بەوە کرد، لایەنی بەریتانی سیناریۆی کشانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا وەک دیارییەک بۆ مۆسکۆ دەبینێت، هەر بۆیەش هانی بەردەوامیی جەنگ دەدات.
کیلین دەڵێت: "بۆمان روونە لەندەن دەیەوێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان توندتر ببن، هەروەها هێرشەکانی ئەم دواییەی ئۆکرانیا بە مووشەکی 'ستۆرم شادۆ'ی بەریتانی بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان و دانیشتووانی ناوچەی 'بریانسک' باشترین نموونەی ئەم راستییەیە."
باڵیۆزی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، گومانی جددی هەیە کە پەنجەمۆری بەریتانیا لە پشت هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیاوە بێت بۆ سەر ناوچەی "لێنینگراد".
کیلین جەختی کردەوە، بەریتانیا نایەوێت هێزەکانی ئۆکرانیا لە دۆنباس بکشێنەوە، لە کاتێکدا ئەو کشانەوەیە دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی قۆناغە چالاکەکەی جەنگ و پاراستنی ژیانی هەزاران مرۆڤ، بەڵام لەندەن تەنها وەک دەستکەوت بۆ مۆسکۆ سەیری دەکات.
باڵیۆزەکەی رووسیا لە لەندەن، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەڵوێستی بەریتانیا لەم قەیرانەدا کورتکراوەتەوە لە گەیاندنی زۆرترین زیان بە رووسیا لەسەر حیسابی ئۆکرانیا و لە کۆتاییدا گوتی: "ئەوان ئامادەن تا کۆتایی لەسەر ئەم جەنگە بەردەوام بن."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت بەریتانیا، بەهۆی دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ ئۆکرانیا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.