هەرێمی کوردستان نامەیەکی ناڕەزایەتی رادەستی کونسوڵگەری ئێران دەکات
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی خۆی گەیاندە کونسوڵگەریی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر.
ئەمڕۆ سێشەممە7ـی نیسانی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نامەیەکی فەرمی ناڕەزایەتی و نیگەرانییان رادەستی کونسوڵگەری گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کردووە.
ئەم هەڵوێستەی فەرمانگەی پەیوەندییەکان دوای ئەوە دێت کە کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، زنجیرەیەک لێدوان و هەڕەشەی ئاراستەی خەڵک و قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە نامە ناڕەزایەتییەکەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی قووڵی خۆی بەرانبەر بەو جۆرە زمانە گەیاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو جۆرە هەڕەشانە خزمەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و بنەماکانی دراوسێیەتی ناکات.