زمانی کوردی بۆ سیستەمی ئەلیکترۆنیی 'ئەسیکۆدا' زیاد دەکرێت

تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تەکنیکیی فراوانی کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی رەشنووسی رێککەوتنی جێبەجێکردنی سیستەمی ئۆتۆماتیکیی گومرگی (ئەسیکۆدا) لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وزاریی ئابووری.

لە بڕگەیەکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا و بە ئامانجی ئاسانکاری و رەچاوکردنی تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی رێنماییدا کە پێویستە لە کاتی جێبەجێکردنی سیستەمەکەدا، زمانی کوردی وەک زمانێکی سەرەکی لە رووکاری سیستەمەکە و ناو فۆرمەکاندا هاوشێوەی زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی جێگیر بکرێت، ئەم هەنگاوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسانکاریی زیاترە بۆ کارمەندان و بەکارهێنەرانی سیستەمەکە لە هەرێمی کوردستان لە کاتی مامەڵە گومرگییەکاندا.

وەزیری دارایی جەختی لە پێویستیی گونجاندنی یاسا گومرگییەکان و دیاریکردنی هەموو ئەو خاڵە یاساییانە کردەوە کە پێویستیان بە یەکخستن هەیە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی تایبەت بە "ئەسیکۆدا" لە هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، کە ببێتە بەشێکی سەرەکی لە تیمی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکان.

هەر لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا، بڕیاردرا بەرنامەیەکی مەشقی گشتگیر لەلایەن تیمی نیشتمانییەوە بۆ کادیرانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، تاوەکو ئاستی کارامەیی تەکنیکییان بەرز بکرێتەوە و ستانداردە کارگێڕییە گومرگییەکان لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکاندا یەکبخرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی فیدراڵ، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەرەکەی، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی هەرێم، و تیمی شارەزایانی رێکخراوی (UNCTAD)ی نێودەوڵەتی ئامادەی بوون.