بۆچی ئێرانییەکان داوای جێگری سەرۆکی ئەمریکایان کردووە؟

گەیشتنی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ شاری ئیسلام ئاباد بە مەبەستی دەستپێکردنی دانوستانە راستەوخۆکانی سبەی شەممە 11ـی نیسانی 2026، جێبەجێکردنی خواستێکی لەمێژینەی سەرکردە باڵاکانی تارانە. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەرپرسانی ئێران لە پشت پەردەوە داوایان کردووە ڤانس رۆڵی سەرەکی لە گفتوگۆکاندا بگێڕێت، چونکە وەک تاکە کەسایەتیی دژە جەنگ لە بازنەی نزیکی دۆناڵد ترەمپدا تەماشای دەکەن.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە، کە ناوبانگی سیاسیی جەی دی ڤانس وەک کەسایەتییەک کە دژی جەنگە بێکۆتاکانە، وای لە تاران کردووە بڕوا بەوە بهێنن کە ئەو گونجاوترین کەسە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی شەریفانە. ئێرانییەکان پێیان وایە ڤانس لە چاو ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، دوو راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا کە پێشتر دانوستانەکانیان لەگەڵ کردوون و شکستی هێناوە، خاوەنی سەنگێکی سیاسیی زیاتر و دیدگایەکی واقیعیترە بۆ ئاشتی.

سەرەڕای گەشبینییەکانی تاران، بەرپرسانی کۆشکی سپی جەخت دەکەنەوە، ناردنی ڤانس بۆ پاکستان تەنیا بڕیاری کەسیی دۆناڵد ترەمپ بووە. واشنتن هۆشداری دەدات کە هیچ ئاماژەیەک نییە ڤانس لە مەرجە سەرەکییەکانی ئەمریکا پاشەکشە بکات، بەتایبەت کە ترەمپ هەڕەشەی کردووە ئەگەر ئەم دانوستانانە شکست بهێنن، هێرشە وێرانکەرەکان بۆ سەر ژێرخانی ئێران دەستپێدەکاتەوە.

بۆ جەی دی ڤانس، کە ئێستا وەک کاندیدی بەهێزی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی 2028 دەبینرێت، ئەم ئەرکە دیپلۆماسییە شمشێرێکی دوو سەرە؛ ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە گۆڕینی ئاگربەستە کاتییەکە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، پێگەی خۆی وەک پاڵەوانێکی نیشتمانی دەچەسپێنێت، بەڵام ئەگەر دانوستانەکان درێژە بکێشن یان شکست بهێنن، ڤانس رووبەڕووی ئەو مەترسییە دەبێتەوە کە لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستان ئەو جەنگەی بەسەر ساخ دەبێتەوە کە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران مەدەنی و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە جیهاندا.

دیپلۆماتکارە ناوچەییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، یەکێک بووە لە لایەنگرە سەرسەختەکانی بەشداریپێکردنی ڤانس. لە بەرانبەریشدا، ئیدارەی ترەمپ قالیباف وەک لایەنێکی پراگماتیک دەبینێت کە دەکرێت رێککەوتنی لەگەڵ بکرێت. هەردوولا رۆژی شەممە لە کاتێکدا لەسەر مێزی دانوستان دادەنیشن کە جیاوازییەکانیان هێشتا زۆرن؛ ئەمریکا سوورە لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، و ئێرانیش تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی بۆ وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی نیشان نەداوە.

لە کاتێکدا ڤانس پێش بەڕێکەوتنی رایگەیاند، ئێمە ئامادەین دەستی ئاشتی درێژ بکەین، بەو مەرجەی تاران هەمان کار بکات، بەڵام کەشی ناو کۆشکی سپی پڕە لە گومان. شارەزایان دەڵێن ئەم دانوستانانە گەورەترین ئاڵێنگاریی ژیانی سیاسیی جەی دی ڤانس دەبن و دیاری دەکەن کە ئایا ئەو دەتوانێت جیهان لە جەنگێکی گشتگیر رزگار بکات یان ئەویش دەچێتە ڕیزی ئەو دانوستانکارانەی کە پێشتر لەگەڵ تاران شکستیان هێناوە.