فاینانشیاڵ تایمز: ژاپۆن وڵاتێکە ناتوانێت بە ئەمریکا بڵێت نا

رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" لە راپۆرتێکی شیکاریدا تیشک دەخاتە سەر ئاڵۆزییەکانی پەیوەندی نێوان تۆکیۆ و واشنتن، ئاماژە بەوە دەکات، ژاپۆن وەک چوارەم گەورەترین ئابووریی جیهان، هێشتا نەیتوانیوە لەژێر باڵی پشتبەستنی رەهای ئەمنیی و ئابووریی بە ئەمریکا بێتە دەرەوە، ئەمەش وای لێکردووە ببێتە وڵاتێک کە "ناتوانێت بە ئەمریکا بڵێت نا".

هەر یەک لە نووسەران (لیۆ لویس و دیمیتری سیڤاستۆپۆلۆ) لە وتارەکەیاندا باس لەوە دەکەن گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و پەیڕەوکردنی سیاسەتە توند و کتوپڕەکانی بەرامبەر هاوپەیمانەکان، ژاپۆنی خستووەتە دۆخێکی نالەبارەوە. ترەمپ لە لێدوانێکدا رەخنەی لە تۆکیۆ گرتبوو کە لە کێشەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا پشتگیری واشنتنی نەکردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی بوونی 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لەسەر خاکی ژاپۆن، باجێکی سیاسی قورسی لەسەر ئەو وڵاتە هەیە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، گەورەترین کێشەی ستراتیژی ژاپۆن لە دەستوورەکەیدایە (کە ئەمریکا دوای جەنگی جیهانی دووەم بۆی نووسیوە)، چونکە سنوور بۆ هێزی سەربازی وڵاتەکە دادەنێت. ئەمەش وای کردووە تۆکیۆ لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی وەک چین، کۆریای باکوور و رووسیا، بە تەواوی پشت بە چەتری ئەمنیی ئەمریکا ببەستێت و نەتوانێت هیچ جێگرەوەیەکی راستەقینە بۆ ئەو هاوپەیمانییە بدۆزێتەوە.

لە رووی ئابوورییەوە، پەیوەندییەکان بەرەو نایەکسانی زیاتر رۆیشتوون. پسپۆڕان باس لەوە دەکەن، ژاپۆن کەوتووەتە ژێر فشارێکی گەورەی باجی گومرگییەوە و ناچار کراوە سەدان ملیار دۆلار لە ناوخۆی ئەمریکادا وەبەرهێنان بکات. هەندێک لە چاودێران ئەم دۆخە بە "سەرانەی ئابووریی یان ئیبتزاز" ناو دەبەن، چونکە تۆکیۆ ئەم پارە زەبەلاحانە تەنیا بۆ رازیکردنی ترەمپ و پاراستنی سەقامگیری پەیوەندییەکان خەرج دەکات.

یەکێکی دیکە لە نیگەرانییە قووڵەکانی ناوەندە سیاسییەکانی ژاپۆن، ئەگەری رێککەوتنی راستەوخۆی نێوان واشنتن و پەکینە (ناسراو بە گرووپی G2). تۆکیۆ دەترسێت لەوەی ترەمپ لە پێناو بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا، بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ژاپۆن لە ناوچەی ئۆقیانووسی هیند و ئارام فەرامۆش بکات.

لە سایەی ئەم گوشارانەدا، سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، ستراتیژییەکی دووفاق پەیڕەو دەکات:
١- دیپلۆماسی نەرم: بەردەوامبوون لە ستایشکردنی ترەمپ و پێشکەشکردنی ئیمتیازی ئابووریی بۆ دوورکەوتنەوە لە سزاکان.
٢- گەڕان بەدوای جێگرەوە: هەوڵدان بۆ دروستکردنی بەرەی هێزە مامناوەندەکان و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە، هەرچەندە ئەم هەوڵانە بەهۆی پێگەی جوگرافی و سنووردارێتی دەستوورییەوە، تا ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.

فاینانشیاڵ تایمز دەگاتە ئەو ئەنجامەی ژاپۆن لە ساڵی 2026دا، وەک زیندانییەکی ناو هاوپەیمانییەکی نایەکسان دەردەکەوێت؛ نە دەتوانێت دەستبەرداری پاراستنی ئەمریکا بێت و نە دەشتوانێت رێگری لە دەستوەردان و فشارە بەردەوامەکانی واشنتن بکات. بۆیە دروشمی "ژاپۆنێک کە دەتوانێت بڵێت نا" تەنیا وەک خەونێکی بەدینەهاتوو ماوەتەوە.