بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە هەناردەی نەوتی عێراق و وڵاتانی کەنداو کەمی کردووە
عێراق و وڵاتانی دیکەی دەوروبەری گەرووی هورمز، لە مانگی نیسان دا، رووبەڕووی پاشەکشەیەکی بەرچاو لە جووڵەی کەشتیوانی بوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لەو رێڕەوە ستراتیژییەوە دروست کردووە.
بەگوێرەی داتاکانی یەکەی کاڵا دەریاییەکانی سەر بە کۆمپانیای S&P Global، لە مانگی نیساندا هیچ پرۆسەیەکی بارکردنی نەوتی خاو لەو بەندەرانەی دەکەونە چوارچێوەی گەرووەکە تۆمار نەکراوە، کە وڵاتانی عێراق، کوەیت، ئیمارات و سعوودیە دەگرێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ خاوبوونەوەی جووڵەی گواستنەوەی وزە لە رێگەی دەریاوە.
ئامارەکان ئاشکرای دەکەن، ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە 9ـی نیسانەوە بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، 12 کەشتی بووە، لە کاتێکدا پێشتر تێکڕای تێپەڕبوونی رۆژانەی کەشتییەکان نزیکەی 135 کەشتی بووە.
هەروەها داخستنی گەرووەکە کاریگەرییەکەی زۆری لەسەر هەناردەی نەوتی خاو هەبووە، بەڵام هەناردەی نەوتی ئێران لە ماوەیەدا گەیشتووەتە نزیکەی 1.38 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، داواکارییەکان بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز زیادیان کردووە، چونکە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ستراتیژییەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا، هاوکات هۆشداری دەدرێت لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم دۆخە لەسەر سەقامگیریی بازاڕ و نرخەکانی نەوت.