نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان دادەبەزێت
بەهۆی وەستانی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر مژدەی دابەزینی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەدات.
سالار محەمەد، لێپرسراوی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە 11ـی نیسانی 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "بەردەوامبوونی سەقامگیری و وەستانی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و پاڵاوگەکان، کاریگەریی ئەرێنی و گەورەی لەسەر دابەزینی نرخی سووتەمەنی دەبێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەم دۆخە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەردەوام بێت، خستنەڕووی سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نرخەکانی نەوت و غاز دابەزین بە خۆیانەوە ببینن و بگەڕێنەوە ئاستی ئاسایی پێشتری خۆیان.