مانەوەى قوتابییان و خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆکانى ئێران درێژکرایەوە

وەزیرى خوێندنى باڵا، بڕیاری داوە ماوەى مانەوەى خوێندکاران و قوتابیانى هەرێم کە لە زانکۆکانى ئێران دەخوێنن تاوەکوو 1ـی ئایاری 2026 درێژکرایەوە

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لەپێناو پاراستنی گیانی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی هەرێمی کوردستان کە لە زانکۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەخوێنن، ئارام محەممەد قادر وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند بڕیارێکی دەرکرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری خوێندنی باڵا بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ئەو قوتابیانە لە 15ـی نیسانی 2026، تاوەکوو 1ـی ئایاری 2026 دەرکرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە دوای ئەم بەروارە، وەزارەت جارێکى دیکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات و بڕیار و رێنمایی گونجاو دەردەکات.

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت: ئەو ماوەیان بە ماوەی مانەوە بۆ هەژمار دەکرێت و دواتر کێشەى یەکسانکردنى بڕوانامەیان نابێت.

هەینی، 27ـی ئاداری 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندبوو، بەهۆى بەردەوامی بارودۆخی شەڕ و ناسەقامگیری ناوچەکە و لەپێناو پاراستنی گیانی ئەو قوتابیانەی هەرێمی کوردستان کە لە زانکۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەخوێنن، بە بڕیارى  ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بریاردرا بە، درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان لە 28ـی ئادار تاوەکو 15ـی نیسانی 2026.