کاروباری مینی هەولێر: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 14 مینی دژە کەسی هەڵگیراونەتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەگوێرەی ئامارەکە، دەیان پارچە مین و تەقەمەنی و دوو درۆنی خۆکوژ لەناوبراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری کاروباری مین لە هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵەوە، تاوەکو ئەمڕۆ تیمەکانیان توانیویانە 14 مینی دژەکەسی هەڵبگرنەوە و لەناوی ببەن، هەروەها 57 پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی، کە پێکهاتبوون لە گولـلەتۆپ و هاوەن و جۆرەکانی دیکە، پووچەڵکراونەتەوە.
عەلی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەش دا، هەر لەو ماوەیەدا و لە میانەی گرژییەکانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، تیمەکانیان سەرکەوتوو بوون لە هەڵگرتنەوە و لەناوبردنی دوو درۆنی خۆکوژ.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر، باسی لەوە کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە سێ هاونیشتمانی بوونەتە قوربانی، کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و دووەکەی دیکەش کەمئەندام بوون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری کاروباری مین لە هەولێر تیشکی خستە سەر کێشەیەکی سەرەکی بەردەم کارەکانیان و گوتی، "بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێلی پێویست بۆ گواستنەوەی تیمەکانی مینلابەری بۆ سەر کێڵگە مینڕێژکراوەکان، تاکوو ئێستا کاری پاکسازی دەستیپێنەکردووە."
سەرەڕای ئەو ئاستەنگانە، بەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەوام بووە لە هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لە مەترسییەکانی مین. چالاکییەکان بریتی بوون لە ئەنجامدانی سیمینار، سەردانی مەیدانی بۆ ناوچە مەترسیدارەکان، و هەماهەنگی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی بۆ باسکردنی بابەتەکە لە وتاری هەینیدا. هەروەها زیاتر لە سێ هەزار لیفلێت و برۆشێری هۆشیاری بەسەر هاووڵاتییان و گەشتیاراندا دابەشکراوە و ناوچەیەکی شەڕگەش لە پاشماوەی جەنگی لە سنووری قەزای چۆمان پاککراوەتەوە.