نەعیم قاسم داوای هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەی لوبنان و ئیسرائیل دەکات

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، دژایەتی توندی خۆی بۆ کۆبوونەوەی سبەینێی نێوان باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن دەربڕی و بە دانوستانێکی "بێمانا" وەسفی کرد. جەختی کردەوە کە هیچ کۆدەنگییەکی ناوخۆیی لەسەر نییە؛ هاوکات هۆشداریی دا کە هێزەکانیان تا "دوا هەناسە" لە مەیدانی جەنگدا دەمێننەوە.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا هێرشی توندی کردە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی و داوای "هەڵوێستێکی مێژوویی و پاڵەوانانە"ی کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیارە سبەینێ سێشەممە لە نێوان باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بەڕێوەبچێت.

قاسم ئەو دانوستانانەی بە "بێمانا" وەسف کرد و جەختی کردەوە کە هیچ کۆدەنگییەکی ناوخۆیی لەسەر نییە؛ لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی لوبنان ئامانجی یەکەمیان لەم دانوستانانەدا بەدەستهێنانی ئاگربەستە، ئیسرائیل ئەو پێشنیازە رەت دەکاتەوە.

لە رووی سەربازییەوە، نەعیم قاسم جەختی لەسەر بەردەوامیی بەرگری کردەوە و گوتی: "خۆمان رادەست ناکەین و تا دوا هەناسە لە مەیدانەکەدا دەمێنینەوە." ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە چەکدارەکانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان لە پێکدادانی راستەوخۆدان لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندووە، ئەوان بەدوای رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەییدا دەگەڕێن بۆ نەوەکانی داهاتوو، کە مەرجی سەرەکی تێیدا "داماڵینی چەکەکانی حزبوڵڵا" بێت. تەلئەڤیڤ دەیەوێت لەبری ئاگربەستێکی کاتی، رێککەوتنێکی فەرمی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی لوبنان واژۆ بکات.

بەپێی ئامارەکان، لەوەتەی حزبوڵا لوبنانی پەلکێشی ئەم جەنگە کردووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 2000 کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی لوبنانی. سەرەڕای ئەم باجە مرۆییە قورسە، حزبوڵا سوورە لەسەر رەتکردنەوەی هەر جۆرە گفتوگۆیەک کە ببێتە هۆی داننان بە ئیسرائیل یان داماڵینی چەکەکانیان.

بڕیارە سبەینێ واشنتن ببێتە مەیدانی یەکەمین تاقیکردنەوەی دیپلۆماسیی راستەوخۆ بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لەم قەیرانە، بەڵام فشاری توندی حزبوڵا لە لایەک و مەرجە سەختەکانی ئیسرائیل لە لایەکی تر، ئاسۆکانی سەرکەوتنی ئەم هەوڵە گوماناوی دەکەن.