مانگی رابردوو زیاتر لە 3.6 ملیۆن گەشتیار روویان لە ژاپۆن کردووە

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی گەشتیارانی بیانی بۆ ژاپۆن لە مانگی رابردوودا گەیشتە بەرزترین ئاست و رێکۆردێکی نوێی تۆمار کرد، ئەمەش سەرەڕای کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران و گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تۆکیۆ و بەیژینگ کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی گەشتیارانی ئەو دوو ناوچەیە.

چوارشەممە 15ی نیسانی 2026، رێکخراوی نیشتمانیی گەشتیاریی ژاپۆن  رایگەیاند، لە مانگی ئاداری رابردوودا 3.6 ملیۆن گەشتیاری نێودەوڵەتی سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە، کە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو رێژەی 3.5% زیادی کردووە و ئەمەش رێکۆردێکی نوێیە لە مێژووی گەشتیاریی ئەو وڵاتەدا بۆ مانگی ئادار.

ئەم دەستکەوتە لە کاتێکدایە کە ژمارەی گەشتیارانی چینی بە رێژەی 56% دابەزیوە و گەیشتووەتە 291,600 کەس، ئەوەش دوای ئەوەی بەیژینگ ساڵی رابردوو هاووڵاتییانی خۆی ئاگادارکردەوە لە سەردانیکردنی ژاپۆن. هاوکات بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، ژمارەی گەشتیارانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێژەی 30% کەمی کردووە و دابەزیوە بۆ 16,700 گەشتیار.

رێکخراوی گەشتیاریی ژاپۆن ئاماژەی بەوە کردووە، دەسپێکی وەرزی گەشەکردنی گوڵی "ساکورا" لە کۆتایی مانگی ئادار و پشووەکانی قوتابخانە کە هاوکات بوون لەگەڵ جەژنی هەستانەوە (ئیستەر)، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران. گوڵی ساکورا لە ژاپۆن وەک هێمای دەسپێکی وەرزی بەهار دەبینرێت و لەو وەرزەدا ئاهەنگی جەماوەریی فراوان لەسەر شەقامەکان بەڕێوەدەچێت.

پەیوەندییەکانی نێوان تۆکیۆ و پەکین لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووەوە تێکچووە، دوای ئەوەی سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، ئەگەری هەیە وڵاتەکەی دەستوەردانی سەربازی بکات لە ئەگەری هەر هەوڵێکی چین بۆ کۆنترۆڵکردنی تایوان؛ ئەم لێدوانانەش تووڕەیی توندی چینی لێکەوتەوە.

ئامارە نوێیەکان دەریدەخەن کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵە گەشتیارانی کۆریای باشوور زۆرترین رێژەی گەشتیارانی بیانی لە ژاپۆن پێکدەهێنن. هەروەها ژمارەی گەشتیارانی مەکسیک بە رێژەی 70% و گەشتیارانی مالیزیا و ڤێتنام بە رێژەی 45% زیادیان کردووە.