حکوومەتی هەرێم: بەهۆی پڕۆژەی رووناكی ساڵانە 690 هەزار تۆن گازە ژەهراوییەکان کەم دەبێتەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026، راپۆرتێکی گشتگیری لەژێر ناونیشانی "پڕۆژە و بڕیارەکانی حکوومەت بۆ پاراستنی ژینگە" بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورەی بەرەو وزەی پاک ناوە و تەنیا لە رێگەی پڕۆژەی "رووناكی"یەوە توانیویەتی ساڵانە 690 هەزار تۆن گازە ژەهراوییەکان کەم بکاتەوە.

ڕاپۆرتەکە سەرنج دەخاتە سەر ستراتیژییەتی نوێی حکوومەت بۆ گۆڕینی هەرێم بۆ ناوچەیەکی دۆستی ژینگە و پاراستنی تەندروستیی گشتی. لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، حکوومەت توانیویەتی کۆتایی بە سەردەمی مۆلیدە دیزڵەکان بهێنێت و ئێستا 84%ـی کارەبای نیشتمانی لە سەرچاوەی پاک و غازی سروشتی بەرهەم دەهێنرێت. هەروەها بە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک "پشتێنەی سەوزی هەولێر" بە چاندنی 7 ملیۆن دار، دروستکردنی 27 بەنداو بۆ پاراستنی سامانی ئاو، و پاککردنەوەی 34 ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین، حکوومەت هەنگاوی مێژوویی بۆ چەسپاندنی ئاسایشی ژینگەیی و گەشەپێدانی بەردەوام ناوە، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان و دابینکردنی داهاتوویەکی پاکترە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

دەقی راپۆرتەکە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، گرنگییەکی زۆری بە پاراستنی ژینگە و سەرچاوە سرووشتییەکان داوە، چونکە ژینگەی پاک و پارێزراو بنەمایەکی سەرەکییە بۆ سەلامەتی و تەندروستیی مرۆڤ، گەشەپێدانی ئابووری و داهاتووی نەوەکانمان. بە مەبەستی گەیشتن بە ئەم ئامانجە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی جیاواز و پڕۆژەی گەورەی جێبەجێ کردووە، کە پەیوەندییان بە کەمکردنەوەی پیسکردنی هەوا، پاراستنی ئاوی خواردنەوە، ئاسایشی ئاو، پاککردنەوەی زەوییە مینڕێژکراوەکان و کەمکردنەوەی ژاوەژاوەکان هەیە.

لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتانەدا، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، کار دەکەن بۆ چاودێریکردنی چالاکییە پیشەسازییەکان، ڕێگریکردن لە دەرچوونی گاز و ماددە زیانبەخشەکان بۆ نێو ژینگە، هەروەها هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ژینگە. حکوومەت هەوڵی داوە بە زیادکردنی سەوزایی، چاندنی دار، پاراستنی دارستان و شوێنە سرووشتییەکان، بۆ ئەوەی ڕووبەری سەوزایی زیاد بکات و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە.

پڕۆژەی ڕووناکی .. پڕۆژەی نەهێشتنی تاریکی و پاککردنەوەی هەوای هەرێمی کوردستان 

(پڕۆژەی ڕووناکی) لە هەرێمی کوردستان، دەستپێشخەرییەکی ستراتیژییە، بۆ ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە لە کەرتی کارەبادا، ئامانجی پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبای نیشتمانیی بەردەوامە بەشێوەی 24 کاتژمێری، دوورکەوتنەیە لە پشتبەستن بە نزیکەی 7,000 مۆلیدەی تایبەت کە بە سووتەمەنی گازوایل کار دەکەن، کە سەرچاوەی سەرەکیی پیسبوونی هەوا و ژاوەژاو بوون. 

ئێستا نزیکەی 75%ـی هەرێمی کوردستان خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، 3,689 مۆلیدە کوژێنراونەتەوە، کوژانەوەی ئەو مۆلیدانە هاوتایە بە کەمکردنەوەی 690 هەزار تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە هەوا بەشێوەی ڕۆژانە، تاکوو کۆتایی ئەمساڵیش، سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبایەکی بەردەوامی 24 کاتژمێری و سەرجەم مۆلیدەکانیش دەکوژێنرێنەوە. 

خشتەی(1) داتای لابردنی مۆلیدەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی دەستەی ژینگە، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی کاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی ژاوەژاو، پاککردنەوەی هەوا و کەمبوونەوەی گازە ژەهراوەییەکان هەیە. ئەگەر ئەم پڕۆژەیە تەواو بێت، پێشبینی دەکرێت ساڵانە زیاتر لە 3.7 ملیۆن تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن {CO2} لە هەوادا کەم بێتەوە، هەروەها 12.7 ملیۆن تۆن دوانەئۆکسیدی نایترۆجین کەم دەکاتەوە کە هۆکاری دروستبوونی ترشەبارانە، 6.7 ملیۆن تۆن لە دوانەئۆکسیدی گۆگرد کەم دەکاتەوە کە هۆکارە بۆ پاراستنی خاک و ئاوی ژێرزەوی لە ترشبوون و پیسبوون، جگە لەمەش دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی 984 هەزار تۆن لە گەردیلە وردەکانی PM))  کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسە. هەروەها ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆکاری باشتربوونی کوالێتیی ژیان و کەمبوونەوەی ڕێژەی مردنی پێشوەختە، ڕێژەی ژاوەژاو لە هەوا لە 70 پلەی یەکەی ژاوەژاو بۆ 55 پلە دادەبەزێت. 

بەرهەمهێنانی کارەبا بەشێوەیەکی پاک 

ئێستا زۆربەی کارەبای هەرێمی کوردستان بە ڕێگەیەک بەرهەم دەهێندرێت کە دۆستی ژینگەیە، %84ـی کارەبای کوردستان بە گازی سروشتی و کارۆئاوی بەرهەم دەهێندرێت، هەروەها وێستگەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکان دامەزرێنراون کە ڕێگری لە چوونی گازی ژەهراوی بۆ ناو هەوا دەکات و لەبری ئەوەی گازە ژەهراوییەکە بچێتە ناو هەوا، دەگۆڕدرێت بۆ وزە و کارەبای لێ بەرهەم دەهێندرێت، هەروەها سێ وێستگەی دیکە تایبەت بە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک دانراون و جگە لە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوی دووکان و دەربەندیخان، وێستگەیەکی دیکەی کارۆئاوییش لە دێرەلووک دروست کراوە و کارەبا لە ڕێگەی ئاوەوە بەرهەم دەهێنێت. 

پێوانەکردن و هەڵسەنگاندن بۆ کوالێتیی هەوا

چوار وێستگەی نوێی پێوانەكردنی كواڵێتیی هەوا لە هەولێر دادەنرێن، سیستەمەکە تایبەتە بە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە بڵاوبوونەوەی گاز و تیشکە زیانبەخشەکان لە هەوادا، هەر تیشکێک لە هەوادا بڵاو بووبێتەوە، پێشوەختە ئەم سیستەمە لە پیسبوونی هەوا ئاگاداری دەدات.

پاراستنی دارستانەکان و پاککردنەوەی زەوی لە مینی چێندراو 

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی پاراستن و کەمکردنەوەى مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە لەنێوان دارستانەکان، ڕەز، باخ و کێڵگەکان لە مەترسیی سووتان و ئاگرکەوتنەوە، 34 ملیۆن مەتر ئاگربڕی دەستكردی لە ڕێگەی ئامێرەكانەوە لە تەواوی هەرێمی کوردستان داناوە. 

هەروەها بەردەوام تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مین لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کار دەکەن بۆ هەڵگرتنەوەی مینە چێنراوەکان و پاککردنەوەی زەوییەکان، تاکوو ئێستا نزیکەی 150 هەزار مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی هەڵگیراونەتەوە و پووچەڵ کراونەتەوە، هەروەها زیاتر لە 13 ملیۆن مەتر چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان، لە مینی چێنراو پاک کراوەتەوە. 

دامەزراندنی کارگەکانی ریسایکلین 

کارگەی ڕیسایکلینی قیڕ

کارگەی ڕیسایکلینی قیڕ کارگەیەکی ژینگەیی و ئابوورییە، کە تێیدا قیڕی کۆنی هەڵکەنراوی شەقامەکان دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە، بەهۆی ئەم کارگەیە، جگە لە بەکارهێنانەوەی قیڕی کۆن، هاوکات تێچووی قیڕتاوکردن و زیانەکانی سەر ژینگە بەراورد بە قیڕی نوێ کەم دەکاتەوە؛ ڕیسایکلینی قیر دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ماددە نەوتییەکان، کەمکردنەوەی پاشماوەی قیڕی کۆن، ئەم کارگەیە کە ئێستا کار دەکات، لە توانایدایە ڕۆژانە دوو هەزار تۆن لە قیڕی کۆنی شەقامەکان ریسایکل بکاتەوە. 

کارگەی ڕیسایکلینی پلاستیک لە ھەولێر

ئەم کارگەیە بوتڵ و پلاستیکەکان کۆ دەکاتەوە و دەیانگۆڕێت بۆ ماددەی نوێ، کۆکردنەوەی پلاستیکەکان هۆکارە بۆ ئەوەی ڕێگری لە سوتانیان بکرێت و زیان بە هەواو خاک و ئاو بگەیەنن، هاوکات کەڵکی ئابووریشی هەیە. 

کارگەکانی دروستکردنی کارتۆن و پاکەت

چەندین کارگەی تایبەت لەم بوارە هەن، ئەم کارگانە هاوکارن لە دووبارە بەکارهێنانەوەی کاخەز و کارتۆنی کۆن و دروستکردنی بەرهەمی نوێ. 

کارگەی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر

بەهۆی ئەم کارگەیەوە، ئاوی قورسی هەولێر یان ئاوی پیس کۆ دەکرێنەوە دووبارە پاک دەکرێتەوە و ئاوەکە بۆ ئاودانی پارک و باخچەکان بەکار دەهێنرێتەوە و پڕۆژەکە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردنە و یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژە ستراتیجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 

زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی

لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، ڕێژەی سەوزایی لە 15%ـەوە بۆ نزیکەی 20% بەرز بووتەوە، بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆژە ژینگەییەکان، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم کارگە و پڕۆژەکانی ناچار کردووە، کە دەبێت 25%ـی ڕووبەری پڕۆژەکانیان بکەنە سەوزایی، ئەمە یەکێکە لە هەنگاوە کردەییەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاراستنی ژینگە، هەر کارگەیەکیش پابەندی ئەم ڕێنماییە نەبێت، مۆڵەتی پێ نادرێت. 

لە کابینەی نۆیەمدا، 17,453 پڕۆژە مۆڵەتی ژینگەییان وەرگرتووە و 25%ـى ڕووبەرەکەیان بۆ سەوزایی تەرخان کردووە، هەروەها ئەو پڕۆژانەی بەر لە کابینەی نۆیەم مۆڵەتیان وەرگرتووە و شوێنی سەوزکردنیان نییە، رێکاری یاساییان، لەبڕی سەوزکردنیان بەرامبەر گیراوەتە بەر و تاکوو ئێستا 1,218 دۆنم زەوی کە هاوتایە لەگەڵ 3 ملیۆن و 45 هەزار مەتر دووجا، لە شوێنی دیکەی دەرەوەی پڕۆژەکانیان پێ سەوز کراوە. 


پشتێنەی سەوزایی.. شادەماری داهاتووی ژینگەی هەولێر

پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم پڕۆژەیە ژینگەی هەولێر بەتەواوتی دەگۆڕێت و بەشێوەیەکی بازنەیی بەدەوری هەولێر دروست دەکرێت و بە تەواوبوونی، ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر نزیکەی 20% زیاد دەکات. 

پڕۆژەکە بە پانیی 2 کیلۆمەتر لە دەرەوەی شەقامی 150 جێبەجێ دەکرێت، نزیکەی 7 ملیۆن داری زەیتوون و پستە لەخۆ دەگرێت، 10 پۆندی گلدانەوەی ئاوی تێدا دەبێت، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی 140 بۆ 210 هەزار تۆن لە گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن، هەروەها پلەی گەرمی لە هەولێر دوو پلە دادەبەزێنێت، کوالێتیی ژیان باشتر دەکات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە و هەناسەدان. 

ئەم پڕۆژەیە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، یەکێک لە سوودە گرنگەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی خۆڵبارین دەبێت لە هەولێر بە ڕێژەی 30-40%، هەروەها کەڵکی ئابووریی زۆری هەیە، بەهۆی چاندنی داری بەردار کە بە تەواوبوونی، دەتوانێت دوو هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت و دیمەنێکی سەرنجڕاکێشتر بە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ببەخشێت.

دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان و کوژاندنەوەی بیرەکانی ئاو 

پاراستنی ئاسایشی ئاو یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بوونی ژینگەیەکی خاوێن و سەلامەت، لە کابینەی نۆیەمدا 9 بەنداو دروست کراون کە بەتێکڕا دەتوانن زیاتر لە 252.8 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە،  هەروەها بڕیاریشە ئەمساڵ کار لەسەر دروستکردنی 18 بەنداوی دیکە بکرێت، هەروەها 23 پۆند دروست کراون و 58  پۆندیش لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

بەهۆی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیجیی گرنگی ئاو و دەستپێکردنەوەی کارکردن لە پڕۆژەکانی ئاو، کە پێشووتر بەهۆکاری قەیرانی دارایی وەستابوون، ئێستا  نزیکەی 1100 بیری ئاو تەنها لە شاری هەولێر کوژێنراونەتەوە لە پێناو پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەویی و رێگریکردن لە دروستبوونی وشکەساڵی؛ ئەم هەنگاوە بەردەوام دەبێت بە تەواوکردنی پڕۆژەکانی دیکەی دابینکردنی ئاوی پاک لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.