لالش و چراکانی؛ ناساندنی پیرۆزترین بۆنە ئایینییەکانی کوردانی ئێزدی

جەژنەکانی ئایینی ئێزدی ئاوێنەی پەیوەندییەکی قووڵن لەنێوان مرۆڤ، گەردوون و سروشتدا. لە لووتکەیاندا "سەری ساڵ" دێت وەک هێمای ژیانەوەی زەوی، و جەژنی "جەمای" وەک گەورەترین کۆبوونەوەی ساڵانە لە پەرستگای لالش. جەژنەکانی وەک "چلەی زستان" و "چلەی هاوین" گوزارشت لە خۆڕاگری و تەتەڵەکردنی دەروون دەکەن، لە کاتێکدا جەژنی "خدر ئیلیاس" و "رۆژوو" ڕەهەندی رۆحی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکەن. "بێلندە" و "قوربان"یش مانا گەردوونی و مرۆییەکانی وەک بەخشندەیی و نوێبوونەوە دووپات دەکەنەوە.

ئەم بۆنانە بە نەریتی دەگمەنی وەک داگیرساندنی 365 چرا و رەنگ کردنی هێلکە، ناسنامەیەکی دەوڵەمەندی کولتوورییان بە کوردانی ئێزدی بەخشیوە.

جەژنی سەری ساڵی

جەژنی سەری ساڵی ئێزدی، گرنگترین و پیرۆزترین جەژنی ئایینی ئێزدییەکانە و ساڵانە لە نێوەراستی مانگی نیسان بەڕێوە دەچێت. زۆربەی کات ئەو جەژنە دەکەوێتە نێوان 14 بۆ 20ی نیسان، بۆ نموونە ئەمساڵ (2026) کەوتە 15ی نیسان، ئەگەر یەکی نیسانی بکەوێتە پێنجشەممە، جەژنەکە دەخرێتە چوارشەممەی هەفتەی دواتر.

لای ئێزدییەکان، پەرستگای لالش، ناوەندی سەرەکیی مەراسیمە ئایینییەکانە. لێرەدا "بابەشێخ" و ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدییەکان مەراسیمی داگیرساندنی 365 چرا (بەپێی ژمارەی رۆژەکانی ساڵ) ئەنجام دەدەن.

ئێزدییەکان لەم رۆژەدا بۆ پیرۆزکردنی ژیانەوەی زەوی، دەچنە ناو سروشت. ئێزدییەکان پێیان وایە لەم رۆژەدا "مەلەک تاوس" هاتووەتە سەر زەوی بۆ ئەوەی ئاشتی و جوانی بڵاو بکاتەوە و زەوی لە حاڵەتی شلییەوە (تەقینەوە گەردونییەکان) بگۆڕێت بۆ زەوییەکی رەق و شیاو بۆ ژیان.

ئێزدییەکان، مانگی نیسان بە "بووکی ساڵ" دادەنێن، بۆیە لەم مانگەدا ژن و ژنخوازی و کێڵانی زەوی قەدەغەیە، چونکە پێیان وایە سروشت خۆی لەو پەڕی جوانی و ژیانەوە دایە و نابێت تێک بدرێت.

هێلکە، یەکێک لە دیارترین هێماکانی جەژنی سەری ساڵە. ئێزدییەکان، هێلکە وەک هێمای زەوی دەناسن و رەنگ کردنەکەی گوزارشتە لە رەنگاوڕەنگبوونی زەوی بە گوڵ و گیا لە بەهاردا. هێلکەکان دەکوڵێنرێن بۆ ئەوەی نیشانەی چەسپان و ڕەقبوونی زەوی بێت.

لەو جەژنەدا، نانی "سەوک" کە نانێکی تایبەتە، لەگەڵ شیرینی ئامادە دەکرێت و دەبرێت بۆ سەر قەبران یان بەسەر هەژاراندا دابەش دەکرێت. هەروەها ئێزدییەکان گوڵی سووری "قەقڵەباز" و تێکەڵەیەک لە قوڕ و کا و توێکڵی هێلکە، بەسەر دەرگای ماڵەکانیاندا هەڵدەواسن، وەک نیشانەیەک بۆ پاراستنی ماڵەکە لە بەڵا و پێشوازی لە هاتنی بەرەکەت.

خەڵک، بەیانیی جەژن سەردانی ماڵی گەورەکان دەکەن و گەردەنئازادی لە یەکتر دەکەن.

ئەم جەژنە لای ئێزدییەکان تەنیا بۆنەیەکی ئایینی نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی قووڵە بە گەردوونناسی و پاراستنی ژینگە و سروشتەوە.

جەژنی بێلندە

جەژنی بێلندە یەکێکە لە جەژنە دێرین و رەسەنەکانی ئایینی ئێزدی کە زیاتر رەهەندێکی کشتوکاڵی و سروشتی هەیە و پەیوەستە بە نوێبوونەوەی ژیان و خاک.

ئەم جەژنە ساڵانە لە یەکەم هەینی مانگی کانوونی دووەم بەڕێوە دەچێت و زۆربەی ساڵەکان دەکەوێتە نێوان 1 بۆ 7ـی مانگی کانوونی دووەم.

وشەی "بێلندە" بە واتای "بەرزبوونەوە" یان "سەرهەڵدان" دێت. ئەم جەژنە وەک هێمایەک بۆ کۆتاییهاتنی وەرزی چاندن و چاوەڕوانکردنی گەشەی دانەوێڵە دادەنرێت. هەروەها وەک جەژنێکی "گەردنئازادی" و سڕینەوەی گوناهەکان سەیر دەکرێت.

جەژنی بێلندە، جەژنێکی خێزانی و کۆمەڵایەتییە و لە هەموو گوند و شارۆچکە ئێزدی نشینەکان پیرۆز دەکرێت و هاوکات مەراسیمی ئایینی و نزا و پاڕانەوەی تایبەت لە پەرستگای لالش لەلایەن پیاوانی ئایینییەوە ئەنجام دەدرێت.

لە بەیانی جەژندا خەڵک سەردانی گۆڕستانەکان دەکەن و خواردن (بەتایبەت نانی سەوک و مێوژ و گوێز) بەسەر هەژاران و منداڵاندا دابەش دەکەن. هاوکات خەڵک کۆدەبنەوە و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن بۆ گەردنئازادی و پیرۆزبایی، کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

کەوڵبڕ (گورکا گای) یەکێکە لە گرنگترین نەریتەکانی ئەم جەژنەیە. لە ئێوارەی جەژندا، کۆمەڵە دارێک لە ناوەڕاستی حەوشە یان گۆڕەپانێک کۆ دەکرێتەوە و ئاگری تێبەردەدرێت. پیاوی ماڵ یان گەورەی گوندەکە بە دەوری ئاگرەکەدا دەسووڕێتەوە و نزای خێر و بەرەکەت بۆ مەڕوماڵات و کشتوکاڵ دەکات.

لەو جەژنەدا چەندین نان و خواردنی تایبەت دروست دەکرێت، وەک نانی کشام کە نانێکی ئەستوورە و بە قیمە یان کەرەستەی دیکە پڕ دەکرێتەوە. خەولێرە (یان سەوک) نانێکی دیکەی تایبەتە. زۆر جار مۆرییەک یان بەردێکی بچووک دەخرێتە ناو یەکێک لە نانەکان؛ ئەو کەسەی نانەکەی بۆ دەردەچێت، دەڵێن ئەو ساڵە ساڵی بەخت و رزق و رۆزی دەبێت بۆی. هەروەها شلکیش ئامادە دەکرێت کە جۆرە شیرینی و خواردنێکی فۆلکلۆرییە.

جەژنی خدر ئیلیاس

ئەم جەژنە، یەکێکە لە جەژنە هەرە ناسراو و لایەنی رۆحیی بەهێزی ئایینی ئێزدی، کە تایبەتمەندی و دابونەریتی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە و بە گشتی دەکەوێتە نیوەی دووەمی مانگی شوبات (زۆربەی ساڵەکان لە دەوروبەری 18 یان 19ی شوبات دایە).

ئەو کەسانەی ناویان "خدر" یان "ئیلیاس"ە یان ئەوانەی نەزرێکیان هەیە، سێ رۆژ پێش جەژن (دووشەممە، سێشەممە، چوارشەممە) بەڕۆژوو دەبن و رۆژی پێنجشەممە دەبێتە جەژن.

ئەم جەژنە، جەژنێکی گشتییە و لە هەموو شوێنێک کە ئێزدی لێ بێت بەڕێوە دەچێت (ماڵەکان، گوندەکان)، بەڵام مەراسیمە ئایینییە سەرەکییەکە لە پەرستگای لالش و مەزارگەکانی تایبەت بە خدر ئیلیاس بەڕێوە دەچێت.

خدر و ئیلیاس، لای ئێزدییەکان دوو کەسایەتی یان دوو "نیشانن". خدر وەک فریادڕەسی سەر زەوی و پارێزەری رێبواران و لێقەوماوان دەبینرێت، ئیلیاسیش وەک پارێزەری دەریایی.

ئەم جەژنە وەک هێمایەک بۆ بەدیهاتنی هیواکان، پاکبوونەوەی رۆح و پاراستنی مرۆڤ لە ناخۆشییەکان دادەنرێت. دەڵێن خدر ئیلیاس "ئاوی ژیان"یان خواردووەتەوە و هەمیشە زیندوون بۆ یارمەتیدانی خەڵک.

ئەم جەژنە بە چەند نەریتێکی دەگمەن جیا دەکرێتەوە، وەک خواردنی "پێخون". لەو رۆژەدا چەند جۆرە دانەوێڵەیەک (گەنم، جۆ، نۆک، گارس و کونجی) دەبرژێنرێن و پاشان دەهاڕدرێن. ئەم تێکەڵەیە پێی دەگوترێت "پێخون".

شەوی جەژن (شەوی پێنجشەممە)، بڕێک لەو پێخونە دەخرێتە سەر سینییەک و لە شوێنێکی پاکی ماڵەکە دادەنرێت. ئێزدییەکان، بڕوایان وایە ئەگەر خدر ئیلیاس لەو شەوەدا سەردانی ماڵەکە بکات، پەنجەمۆر یان نیشانەیەک لەسەر پێخونەکە جێدەهێڵێت، ئەمەش بە نیشانەی خێرو بەرەکەت بۆ ساڵەکە دادەنرێت.

گەنجان لەم شەوەدا "پێخون"ێکی زۆر سوێر دەخۆن بۆ ئەوەی تینوویان بێت و ئاو نەخۆنەوە، بەو هیوایەی لە خەونیاندا ببینن کێ ئاویان دەداتێ، چونکە بڕوایان وایە ئەوە دەبێتە هاوسەری دواڕۆژیان.

هەروەها لەم جەژنەدا، کوشتنی هەر زیندەوەرێک یان راوکردن بە هەموو شێوەیەک "گوناهە" و قەدەغەیە، وەک رێزێک بۆ ژیان و سروشت.

جەژنی چلەی زستان

جەژنی چلەی زستان یەکێکە لە جەژنە گرنگ و پڕ لە رێوڕەسمەکانی ئایینی ئێزدی کە زیاتر رەهەندی خوداناسی و تەتەڵەکردنی دەروونی هەیە.

ئەم جەژنە ساڵانە دەکەوێتە 2ی شوبات و نیشانەی کۆتایی هاتنی 40 رۆژی سەرمای توند و "چلەی زستان"ە کە لە 21ی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات.

ناوەندی سەرەکیی ئەم جەژنە پەرستگای پیرۆزی لالشە. لەم شوێنەدا رێوڕەسمە فەرمییەکان بە سەرپەرشتی پیاوانی ئایینی (وەک بابا شێخ) بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئێزدییەکان لە ناوچەکانی دیکەی وەک شنگال و شێخان و شوێنەکانی دیکەش یادی دەکەنەوە.

وشەی "چلە" بە واتای 40 رۆژ دێت. ئەم جەژنە نیشانەی سەرکەوتنە بەسەر سەختی و سەرمای زستاندا. گرنگترین مانای ئەم جەژنە پەیوەستە بەو 40 رۆژە رۆژووەی کە پیاوانی ئایینی (ناسراو بە "چلەگر") دەیگرن. ئەوان لە 21ی کانوونی یەکەمەوە دەچنە ناو "چلەیخانە" و بۆ ماوەی 40 رۆژ بە رۆژوو دەبن و سەرقاڵی نزا و پاڕانەوە دەبن بۆ ئاشتی و خێر و بێر. جەژنەکە لە راستیدا جەژنی شکاندنی ئەو رۆژووە و گەڕانەوەی ئەو پیاوە ئایینیانەیە بۆ ناو کۆمەڵگە.

لەو رۆژەدا، خەڵکێکی زۆر روو لە پەرستگای لالش دەکەن بۆ بینینی پیاوانی ئایینی و وەرگرتنی بەرەکەت. لە ئێوارەی جەژنیشدا، لە لالش و هەموو شوێنە پیرۆزەکاندا، چرا و مۆم دادەگیرسێنن (کە هێمای رووناکییە بەرامبەر تاریکی زستان). هەروەها نانی "سەوک" ئامادە دەکرێت و خێر و بێری جۆراوجۆر بەسەر هەژاراندا دابەش دەکرێت.

لە جەژنی چلەی زستاندا، مەراسیمی "سەما" لە پەرستگادا ئەنجام دەدرێت کە جۆرێکە لە پەرستیشی ئایینی بە دەم دەف و شەبابەوە.

جەژنی قوربان

جەژنی قوربان لای ئێزدییەکان رێکەوتێکی جێگیری هەیە لەسەر بنەمای ساڵنامەی رۆژهەڵاتی، بەڵام کاتەکەی جیاوازە لە جەژنی قوربانی موسڵمانان. ئەم جەژنە ساڵانە لە رۆژی 23ـی حوزەیران، زیاتر لە پەرستگای لالش بە شێوەیەکی فەرمی و بەرفراوان بەڕێوە دەچێت.

جەژنی قوربان، پەیوەندی بە چیرۆکی پێغەمبەر ئیبراهیم و قوربانیکردنی کوڕەکەیەوە هەیە، کە لای ئێزدییەکانیش وەک هێمایەک بۆ ڕزگاربوون و فیداکاری پیرۆزیی خۆی هەیە. لەم رۆژەدا ئاژەڵ قوربانی دەکرێت و گۆشتەکەی بەسەر هەژاران و میوانانی پەرستگاکەدا دابەش دەکرێت.

جەژنی رۆژوو

یەکێکە لە پیرۆزترین و گەورەترین جەژنەکانی ئایینی ئێزدی کە رێوڕەسمێکی تایبەت و پڕ لە مانا لە خۆ دەگرێت. ئەم جەژنە پەیوەستە بە مانگی کانوونی یەکەمەوە (زیاتر 15 بۆ 20ی مانگ) ئێزدییەکان سێ رۆژ (سێشەممە، چوارشەممە، پێنجشەممە) بە رۆژوو دەبن و رۆژی هەینی دەکرێت بە جەژن.

جەژنەکە لە کورتترین رۆژەکانی ساڵدا دەکرێت، کە ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکیدا و درێژبوونەوەی رۆژ لە دوای جەژن و رۆژووەکانیش وەک سوپاسگوزارییەک بۆ خودا دەگیرێن.

جەژنی رۆژوو، جەژنێکی خێزانی و کۆمەڵایەتییە، لە هەموو گوند و شارۆچکە ئێزدی نشینەکاندا دەکرێت و لە پەرستگای لالش، رێوڕەسمی ئایینی گەورە بە ئامادەبوونی پیاوانی ئایینی (بابە شێخ و ئەنجوومەنی رۆحانی) بەڕێوە دەچێت.

ئێزدییەکان پێش جەژن، ئاژەڵێک سەردەبڕن بۆ خێر و، نان و گۆشت ئامادە دەکەن. بەیانی رۆژی جەژن، خەڵک دەچنە سەر گۆڕی مردووەکانیان و خێر و شیرینی دابەش دەکەن.

یەکێک لە جوانترین نەریتەکان ئەوەیە کە لەم رۆژەدا، ئاشتەوایی دەکرێت و ئەو کەسانەی لە یەک زویرن، گەردن ئازادی لە یەکدی دەکەن. هەروەها هاوکاری کردنی هەژاران و لێقەوماوان لە کارە لە پێشینەکانی ئەم جەژنەیە.

ئێزدییەکان جگە لەم رۆژووە گشتییە، رۆژووی دیکەشیان هەیە وەک "رۆژووی تایبەت بە پیرەکان" یان "رۆژووی خدر ئیلیاس"، بەڵام ئەمەی مانگی کانوونی یەکەم گەورەترینیانە و هەموو ئێزدییەک دەیگرێت.

جەژنی چلەی هاوین

یەکێکە لە جەژنە هەرە گرنگ و پڕ لە رێوڕەسمە ئایینییەکانی ئێزدییان، کە رەگێکی قووڵی لە مێژوو و پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ سروشتدا هەیە و ساڵانە لە نێوان 30ـی تەممووز بۆ 2ـی ئاب بەڕێوە دەچێت.

ئەم جەژنە دوای ئەوە دێت کە پیاوانی ئایینی بۆ ماوەی 40 رۆژ (چلەی هاوین) بەڕۆژوو دەبن، کە لە 24ی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و لە 3ی ئابدا کۆتایی دێت.

شوێنی سەرەکی و ناوەندیی ئەم جەژنە، پەرستگای پیرۆزی لالشە لە شێخان. لەوێ رێوڕەسمە فەرمییەکان و "سەما"ی ئایینی تەنیا لە لالش بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنی رووحانی بەڕێوە دەچێت.

ئەم جەژنە لە گەرمترین کاتی ساڵدا دەکرێت. رۆژووگرتن لەم گەرمایەدا وەک هێمایەک بۆ زاڵبوون بەسەر نەفس و ئارامگرتن لە بەرامبەر سەختییەکانی ژیان و سروشتدا دەبینرێت. ژمارە چل (چلەی هاوین و چلەی زستان) لای ئێزدییەکان پیرۆزییەکی تایبەتی هەیە و وەک قۆناغێکی پاکبوونەوەی رۆح دادەنرێت. پیاوانی ئایینی (کە بە "چلەگر" ناسراون) لە ماوەی ئەو 40 رۆژەدا تەنیا شەوان نان دەخۆن و رۆژانە کاتی خۆیان بە نزا و پاڕانەوە بەسەر دەبەن. لە ئێوارانی جەژندا، پیاوانی ئایینی بە جلی سپییەوە لە حەوشەی پەرستگای لالش بە دەورەی مەشخەڵەکاندا دەسووڕێنەوە و مۆسیقای پیرۆز (دەف و شەباب) دەژەنرێت.

یەکێک لە دابونەریتەکان شوشتنی "نیشانە" پیرۆزەکانە بە ئاوی کانییە پیرۆزەکانی وەک (کانی سپی) . خەڵکێکی زۆر لە هەموو ناوچەکانەوە روو لە لالش دەکەن بۆ وەرگرتنی بەرەکەت و پیرۆزبایی کردن لەو کەسانەی کە رۆژووی چلەیان گرتووە.

ئامادەکردنی نانی "سەوک" و دابەشکردنی خێر و بێری جۆراوجۆر لە نێوان میوانان و هەژاراندا، بەشێکی دیکە نەریتەکانی ئەم جەژنەیە.

ئەم جەژنە وێنەیەکی جوانی پێکەوەژیان و پاراستنی کەلەپووری کۆنی کوردانی ئێزدییە کە سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان، هێشتا پاراستوویانە.

جەژنی جەمای (جەژنی کۆمەڵ)

ئەمە، گەورەترین و درێژترین جەژنی ئایینی ئێزدییەکانە و وەک حەجێکی ساڵانە وایە کە تێیدا ئێزدییەکان لە هەموو جیهانەوە روو لە پەرستگای لالش دەکەن. ئەم جەژنە ساڵانە لە 6ی تشرینی یەکەم دەست پێ دەکات و تا 12ـی تشرینی یەکەم، بۆ ماوەی 7 رۆژ بەردەوام دەبێت.

جەژنی جەمای بە شێوەیەکی سەرەکی و فەرمی، تەنها لە پەرستگای لالش بەڕێوە دەچێت. بە پێچەوانەی جەژنەکانی یکە کە لە ماڵەکاندا دەکرێن، جەمای جەژنێکی گشتی و کۆمەڵایەتییە لە ناو دڵی پەرستگاکەدا.

وشەی "جەمای" لە "جەماعەت" یان "کۆمەڵ"ەوە هاتووە و بە نیشانەی یەکگرتوویی ئێزدییەکان و پیرۆزکردنی ئەو رۆژەیە کە باوەڕیان وایە گەردوون تێیدا جێگیر بووە. لەم حەوت رۆژەدا نابێت هیچ کێشە و شەڕێک لە نێوان مرۆڤەکاندا هەبێت.

لەم حەوت رۆژەدا چەندین مەراسیمی ئایینی و فۆلکلۆری بەڕێوە دەچن، وەک مەراسیمی سەما کە تێیدا پیاوانی ئایینی (قەووالەکان) بە جلی سپییەوە لەژێر دەنگی دەف و شەبابەدا دەسووڕێنەوە، کە هێمایە بۆ جووڵەی گەردوون لە دەوری خۆر و هەموو ئێوارەیەک 365 چرا (بە ژمارەی رۆژەکانی ساڵ) لە پەرستگای لالش دادەگیرسێنرێن.

لە رۆژانی کۆتاییدا ئاژەڵێک (گا یان گایەک) قوربانی دەکرێت و گۆشتەکەی وەک "سمات" (خواردنی پیرۆز) ئامادە دەکرێت. هەروەها خەڵک بە هەرەوەزی، هاوکاریی پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بەشە جیاکانی لالش دەکەن. دابەشکردنی نان و خواردنی تایبەت بەسەر میواناندا کە لە هەموو پارچەکانی کوردستان و جیهانەوە هاتوون، بەشێکی دیکە لە نەریتەکانی ئەم جەژنەیە.