دەستەی ژینگە: هەولێر لە شارە خاوێنەکانە

دەستەی ژینگە ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، پاراستنی ژینگە و باشترکردنی کوالێتی هەوای وەک لە پێشینەی کارەکانی داناوە و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون.
سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکان لە بواری ژینگەدا، جێبەجێکردنی "پڕۆژەی ڕووناکی" بووە کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر باشترکردنی کوالێتی هەوای شاری هەولێر هەبووە. هەولێر کە پێشتر لە ڕیزبەندی شارە هەرە پیسەکانی جیهاندا بوو، ئێستا بەهۆی ئەو ڕێکارانەی گیراونەتە بەر، لەو لیستە دەرچووە و ئاستی پاکی هەوا تێیدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لە هەنگاوێکی دیکەی چاکسازییە ژینگەییەکاندا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داخستنی ئەو پاڵاوگانەی دا کە مەرجە ژینگەییەکانیان تێدا نەبوو و ببوونە سەرچاوەی سەرەکی پیسبوونی ژینگە، هاوکات، هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید، هەنگاوێکی دیکەی حکوومەتە بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان.
گوتەبێژی دەستەی ژینگە گوتیشی: حکوومەت بەردەوامە لە دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان بۆ گلدانەوەی ئاو و رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی، هەروەها کار دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بگەیەنرێتە ستانداردە جیهانییەکان و سەرووی 25٪.کار لەسەر ئەوە دەکرێت زیاتریش بکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، یەکێکی دیکە لە پڕۆژە ژینگەییە گرنگەکان، پرسی ریسایکلین و دووبارە بەکارهێنانەوەیە، کە خۆی لە ڕیسایکلینکردنی قیڕ، کارتۆن و پڕۆژەی "ئاوی قورس" بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاوی قورس دەبینێتەوە، کە تێیدا ئاوی پاشماوە پاک دەکرێتەوە و بۆ ئاودانی پارک و باخچەکان بەکاردەهێنرێتەوە.
لەلای خۆیەوە دڵشاد هیرانی، بەرێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە سەدا سەد کاریگەری هەبووە و هەوڵەکانیش بۆ زیاتر پاکڕاگرتنی بەردەوامن.
ئەمڕۆ 16ـی نیسانی هەموو ساڵێک رۆژی ژینگەی هەرێمی کوردستانە.