ترەمپ: لوبنان و ئیسرائیل لەسەر نەخشەڕێگەی ئاشتی رێککەوتن
سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند: کە پاش زنجیرەیەک گفتوگۆی ئەرێنی و چڕ لەگەڵ سەرکردەکانی لوبنان و ئیسرائیل، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی فەرمی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی 10 رۆژ، بە ئامانجی زەمینەسازی بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.
پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس"، راگەیەندراوێکی گرنگی سەبارەت بە دۆخی تەناهی و سیاسیی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بڵاوکردەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە گفتوگۆی "ناوازە و بەرهەمدار"ی لەگەڵ جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە.
بە پێی راگەیەنراوەکەی سەرۆکی ئەمریکا، هەردوو وڵات رەزامەندییان نیشانداوە کە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی، ئاگربەستێکی فەرمی بۆ ماوەی 10 رۆژ رابگەیەنن، کە بڕیارە کاتژمێر 5ـی ئێوارە بە کاتی ناوخۆیی ئەمریکا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، کە رۆژی سێشەممەی رابردوو، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 34 ساڵی رابردوودا، ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن بە ئامادەبوونی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ بە شانازییەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە لە کاروانی سیاسی خۆیدا توانیویەتی 9 جەنگ لەسەر ئاستی جیهان رابگرێت و ئەم هەوڵە نوێیەشی وەک "دەیەمین جەنگ" ناوبرد کە کۆتایی پێدەهێنێت، وەک ئاماژەیەک بۆ پابەندیی واشنتن بە سەقامگیرکردنی ناوچەکە لەژێر دروشمی "با ئەنجامی بدەین".