ئەردۆغان: جیهان لە لێواری قەیرانێکی مەترسیداردایە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند، جیهان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە و سیستەمی نێودەوڵەتی بە ئاراستەیەکی نوێدا دەگۆڕێت، هۆشداریشی دا، مرۆڤایەتی لەسەر لێواری قەیرانێکی زۆر جیدی و مەترسیداردایە.
هەینی 17ـی نیسانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە میانەی وتارێکیدا لە دەستپێکی پێنجەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا کە ئەمساڵ لەژێر ناونیشانی ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕوونی لە نەخشاندنی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، گوتی: "لێکدانەوەی ئەو رووداوانەی ئێستا لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا دەبینرێن وەک گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێز، وا دەکات لە جەوهەری بابەتەکە دوور بکەوینەوە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە رووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێز لە ئارادایە و جەمسەری نوێ خەریکە سەرهەڵدەدەن".
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی توندی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان گرت و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو میکانیزمانەی ئەرکیان پاراستنی مافی مرۆڤ و سیستەمی جیهانییە، ئیفلیج بوون و ناتوانن دادپەروەری و مرۆڤایەتی بپارێزن، گوتیشی: "ئەو کێشە سەرەکییەی جیهان پێوەی دەناڵێنێت قەیرانێکی ئەخلاقی و بوونییە، کە لەسەر بنەمای دادپەروەریی هەڵبژێردراو کار دەکات".
ئەردۆغان وەک نموونەیەک بۆ شکستی سیستەمی جیهانی، ئاماژەی بە دۆخی غەززە کرد و گوتی: "بۆ تێگەیشتن لەم قەیرانە، تەنها تەماشاکردنی ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوودا لە غەززە روویداوە بەسە".
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردەوە، ئەرکی دیپلۆماسی لەم سەردەمەدا گۆڕاوە، ئێستا دیپلۆماسی تەنها بۆ دانوستان لەسەر کێشە و ململانێکان نییە، بەڵکو بووەتە زەمینەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی هەڕەشە لە هەمووان دەکەن.