هێرش کرایە سەر قایمقامی کەرکووک
قایمقامی ناوەندی کەرکووک لە کاتی رووخاندنی خانووە زیادەڕۆکان بەردباران دەکرێت و بریندار دەبێت، تاوەکوو ئێستاش هیچ کەسێک لەسەر هێرشەکە دەستگیر نەکراوە.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی نیسانی 2026، فەلاح یایچلی، قایمقامی ناوەندی کەرکووک لە کاتی لابردنی زیادەڕۆییەکانی گەڕەکی "عادەلین" لە پشت پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل، لەلایەن چەند کەسێکەوە بە دار و بەرد هێرشی کرایە سەر و بریندار کرا.
سەرچاوەیەک لە قایمقامییەتی کەرکووک بە سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان 24ـی راگەیاند، قایمقامی کەرکووک لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بووە و لەو کاتەدا پەلامار دراوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، یایچلی بە سووکی بریندار بووە و راستەوخۆ چووەتە بنکەی پۆلیسی تسعین بۆ ئەوەی سکاڵای یاسایی تۆمار بکات. روونیشی کردەوە، تاوەکوو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ کەسێک لەسەر هێرشەکە دەستگیر نەکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا فەلاح یایچلی لە پۆستەکەی لاببات و لە شوێنی ئەو، ئاڤێستا محەممەد دەستنیشان کرا. بڕیاریشە رۆژی یەکشەممە، 19ـی نیسان، قایمقامی نوێ لە کارەکەی دەستبەکار بێت.