دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا و ئێران پرسی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا یەکلایی دەکەنەوە
تاوەکوو ئێستا شیعەکان لەسەر کاندیدێک رێککنەکەوتوون، نووری مالیکی رەتیدەکاتەوە لە کاندیدبوون بکشێتەوە و بەوهۆیەوەش نەچووەتە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەر لەبەر ئەم هۆکارە کۆبوونەوەکە دواخراوە بۆ سبەی دووشەممە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، شەوی رابردوو کاتێک تەلەفۆن بۆ نووری مالیکی دەکرێت بۆ کۆبوونەوە و پێی دەڵێن: ئێوە ئیمزاتان بۆ باسم بەدری کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە بری تۆ ببێتە کاندیدی سەرۆک وەزیران، نووری مالیکی توڕە دەبێت و دەڵێت، باسم بەدری کێ یە؟، کێ ئیمزای بۆ کۆکردووەتەوە، ئەسڵەن من لە کاندیدی نەکشاومەتەوە و و ناشکشیمەوە و نایەمە کۆبوونەوەش، دوای ئەو پەیوەندییە، مالیکی تەلەفۆنەکەی داخستووە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، سوودانی تەلەفۆن بۆ ئەحمەد ئەسەدی دەکات و پێێ دەڵێت، ئێوە ئیمزاتان کۆکردووەتەوە بۆ کاندیدی سەرۆکوەزیران، لەکاتێکدا لە کوتلەی ئێمەن، ئەویش بە سوودانی دەڵێت، نەخێر وانیە ئێمە شتی وامان نەکردووە، سوودانیش پێی دەڵێت: ئەوان دەتکەنە وەزیر، ئێمەش دەتکەینەوە وەزیر.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر شەوی رابردوو کۆبوونەوە بکرابوایە، ئەوا بەدڵنیاییەوە باسم بەدری دەبووە کاندیدی سەرۆکوەزیران، بەڵام کە ئێستا کۆبوونەوە دواخراوە باسم بەدری هیچ چانسێكی نیە بۆ بوون بە کاندیدی سەرۆکوەزیران.
لەبارەی ئەوەی ئێران پاڵپشتیی کام کاندید دەکات، ئەو سەرچاوەیە بۆ کوردستان24 ئاشکرا کرد، ئێران بە ئاشکرا باس لە پاڵپشتی هیچ کاندیدێک ناکات، بەڵام ئەیانەوێ کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران کە چوارچێوەی هەماهەنگی بپارێزێت، تەنانەت ئاساییە پەیوەندیەکی باشیشی لەگەڵ ئەمریکا هەبێت.
گوتیشی: ئەمڕۆ تۆم بەڕاک دەگاتە بەغدا لەگەڵ لایەنەکان بۆ پرسی سەرۆکوەزیران گفتوگۆ دەکات و بە راشکاوی رای ئەمریکا لەوبارەیەوە دەخاتە روو.
راشیگەیاند، ئەمریکا لەگەڵ ئەوەیە کە کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران کە سەربە بەرەی مقاوەمە نەبێت و لەلایەن ئێرانەوە دانەنرابێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە ئێستا ئەمریکییەکان بەهۆی هێرشی گرووپ و ملیشیا لەیاسا دەرچووەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بەرژەوەندیەکانی ئەو وڵاتە و کۆنتڕۆڵ نەکردنی ئەو گرووپانە، لە سوودانی نیگەرانە، لەبارەی مالیکیش هەڵوێستی ئەمریکا روون وئاشکرایە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، یەکلاییکردنەوەی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی زۆر ئەستەم بووە، ئەمەش بەهۆی بوونی ناکۆکی قوڵ لەنێوانیاندا.
شەوی رابردووش ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بەسەرۆكایەتیی شاندێكی ئێرانی لە بەغدا بووە، ئامانجی سەردانەكەی چارەسەركردنی كێشەكانی ناوماڵی شیعە بووە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، فەرماندەی فەیلەقی قودس، سێ بۆ چوار كۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ چەند لایەنێكی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە.
هەر دوێنی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی تویتێکی کردووە و ئاماژەی داوە، واز لە کاندیدی تەسویە (کاندیدی هەڵبژێردراو) بێنن و یان نووری مالیکی یان محەمەد شیاع سوودانی بکەن بە سەرۆکوەزیران یان کەسێک لە بەرەی ئەوان.
کۆبوونەوەی چوارچیوەی هەماهەنگی بۆ رۆژی دووشەممە واتا سبەی دواخراوە.