ئامێدی؛ گیانی هەزاران هاووڵاتی و دەیان ماڵ بەهۆی مەترسیی رووخانی پۆندێک لە مەترسیدایە
بەهۆی بارانبارینی خوڕ و دروستبوونی لافاو لە سنووری ئامێدی، مەترسییەکی جددی لەسەر رووخانی پۆندێک دروست بووە، کە هەڕەشە لە ژیان و سامانی هەزاران هاووڵاتیی ناوچەکە دەکات.
یەکشەممە 19ی نیسانی 2026، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری کوردستان24 گوت، کێشەی دارمانی زەوی و لافاو لە دەوروبەری ئەم پۆندە بۆ نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی دوێنێ شەوەوە، دارمانزی زەوی بارودۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێکی یەکجار مەترسیدار.
هەروەها بەشێک لە دیوارەکانی پۆندەکە و ژێرخانی پڕۆژەکە بەهۆی دارمانی زەوییەوە رووخاون؛ گوتیشی: نزیکەی 20 بۆ 30 هەزار بنەدار لە سەر ئەم پۆندەیە؛ هاوکات بە شێوەیەکی راستەوخۆ، گیانی 6 بۆ 7 خێزان کە ماڵەکانیان رێک لە خوار پۆندەکەیە، لە مەترسیدایە و زەوییە کشتوکاڵییەکان و ئاژەڵی هاووڵاتییان لە بەرەی یەکەمی زیانەکانن.
باسی لەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی پێشتر لێژنەکان سەردانی شوێنەکەیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ چاککردنەوەی پۆندەکە نەنراوە.
هاووڵاتییان داوا دەکەن پێش ئەوەی کارەساتێکی مرۆیی روو بدات، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەکار بن بۆ چاککردنەوەی دیوارەکان یان گواستنەوەی ئەو خێزانانەی کە لە مەترسییەکە نزیکن.
هاوکات پێشتر دانیشتووانی ناوچەکە ئاگادار کرابوونەوە، کە ئەو پۆندە بۆ کۆگاکردن شوێنێکی گونجاو نییە و باشترە شوێنێکی دیکە بدۆزنەوە.