عەبدولساحب بەزوون: تێکچوونی دۆخی ئەمنی، گەورە کۆمپانیاکانی جیهانی لە عێراق دوورخستەوە
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، کشانەوە و هەڵپەساردنی کارەکانی کۆمپانیا بیانییەکانی لە کەرتی نەوتدا بە "گورزێکی توند" بۆ ئابووریی وڵات وەسف کرد. هاوکات هۆشداری دا کە بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان، داهاتی نیشتمانی و مافی نەوەکانی داهاتوو دەخاتە مەترسییەوە.
یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، عەبدولساحب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە چوارچێوەی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کەناڵی کوردستان24، نیگەرانیی قووڵی وەزارەتەکەی نیشاندا سەبارەت بە پاشەکشەی وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتی نەوت و گازدا.
بەزوون رایگەیاند: "بە داخەوە بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکان بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنییەوە کارەکانیان هەڵپەساردووە و لە وڵات کشاونەتەوە، ئەمەش گورزێکی توندە بۆ ئابووریی نیشتمان، چونکە وەبەرهێنان لەم کەرتەدا بڕبڕەی پشتی داهاتی عێراقە."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گەورە کۆمپانیایانە لە کاتێکدا هاتنە عێراق کە وڵات لە رووی ئەمنییەوە سەقامگیر بوو و وەبەرهێنانێکی ناوازەیان ئەنجامدا، بەڵام ئێستا جەنگ و ئاڵۆزییەکان بوونەتە هۆی پەکخستنی کەرتی وزە.
بەزوون رووی دەمی کردە ئەو لایەنانەی کە لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە پێگە نەوتییەکان دەکەنە ئامانج و گوتی: "پێیان دەڵێین ئەم دامەزراوانە سامانی نیشتمانیین و خاوەندارێتییەکەیان بۆ گەلی عێراق دەگەڕێتەوە. ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان یان پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور، لە کۆتاییدا هەر هاووڵاتیی عێراقی تێیدا زەرەرمەند دەبێت و زیان بە داهاتی نەوەکانی داهاتوو دەگات."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت دووپاتی کردەوە، کە ئەرکی کۆمپانیا بیانییەکان پشتیوانیکردنە لە گەشەپێدانی کەرتی نەوت، هەر بۆیە زیانگەیاندن بەو پێگانە لە هەر شوێنێکی عێراق بێت، بە مانای لێدان لە ئابووری و بژێوی رۆڵەکانی ئەم نیشتمانە دێت.