ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، ئێران بەڵێنی وەڵامدانەوەی دا بۆ ئەوەی کە بە "چەتەیی دەریایی چەکدارانە"ی ئەمریکا وەسفی کرد، ئەمەش دوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی بارهەڵگری ئێرانی "تۆسکا" لە ئاوەکانی کەنداوی عومان.

گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمو ئەلئەنبیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزە ئەمریکییەکان تەقەیان لە کەشتییە بازرگانییەکە کردووە و سیستەمی کەشتیوانییان پەکخستووە پێش ئەوەی هێزەکانی مارێنز بچنە سەر پشتی کەشتییەکە. گوتەبێژەکە هۆشداری دا هێزە چەکدارەکانی ئێران بەمنزیکانە تۆڵە دەکەنەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا بووەتە سەرۆکی چەتەکانی دەریا، بەهۆی هێرشکردنە سەر ئەم کەشتییەی کە لە چینەوە بەرەو ئێران دەهات. گوتەبێژەکە راشیگەیاند؛ دوای هێرشەکەی ئەمریکا، هێزە ئێرانییەکان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی.

لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند؛ هێزی دەریایی ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییە ئێرانییەکەدا گرتووە، چونکە لە نزیک گەرووی هورمز فەرمانەکانی راوەستانی پشتگوێ خستووە. ترەمپ گوتی: کەشتیی جەنگی "یو ئێس ئێس سبروانس" لە کەنداوی عومان رێگری لە کەشتییەکە کردووە و هێزە ئەمریکییەکان ژووری بزوێنەری کەشتییەکەیان پەکخستووە پێش ئەوەی هێزەکانی مارێنز کۆنترۆڵی بکەن.